کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان/ کوردانی شاری برێمن بۆ پشتیوانی لە کۆبانی خۆپیشاندانیان کرد

12:51 - 3 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: کوردانی دانیشتووی شاری برێمن لە وڵاتی ئاڵمان بۆ پشتیوانی لە کۆبانی و مەحکووم کردنی هێرشەکانی گرووپی داعش، خۆپیشاندانێکیان لەو شارە بەڕێوەبرد.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە ٢٦ی رەزبەری ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی بە سەدان کەس لە کوردانی دانیشتووی برێمنی وڵاتی ئاڵمان، گردبوونەوەیەکی بەرینیان بۆ پشتیوانی لە کۆبانی پێک هێنا.

لە گردبوونەوەکەدا، داوا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان کرا کە بە زووترین کات بە هانای ئاوارەکانی کۆبانیەوە بچن، هەروەها داوا لە هاوپەیمانان کرا دژ بە هێرشەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش زیاتر یارمەتیی شەرڤانانی کورد بدەن و بنکە و بارەگاکانی داعش لە ناو بەرن، داوا لە وڵاتی تورکیاش کرا سنوورەکانی بۆ ئاوارەکانی کۆبانی بکاتەوە و لە شەڕی دژە تیرۆردا بەشداری بکات.

11182.jpg


لەو گردبوونەوەدا پەیامی حیزب و رێکخراوە کوردیەکان خوێندرایەوە.

شەهریار نەقشبەندی بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان لە وتەیەکدا بۆ بەشداربوانی خۆپیشاندانەکە، باسی لە هەڵوێستەکانی حیزبی دێموکرات تایبەت بە هێرشەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆ سەر کوردستان لە باشوور و رۆژئاوا کرد و وتی: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەروەک لە رابردووشدا سەلماندوویەتی ، هەموو کاتێک لە خەمی خوشک و براکانی لە بەشەکانیتری کوردستانەوە بووە و هەڵوێستی نەتەوەیی و مرۆیی خۆی لەو بارەوە پیشانداوە و لە هەر رێگایەکەوە بۆی کرابێ، یارمەتیدەریان بووە و ئێستاش بۆ هەر جۆرە یارمەتیدانێک بە پێی توانا ئامادەیە یارمەتی بدات.

11183.jpg


نەقشبەندی لە درێژەی قسەکانیدا داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد کە بە هانای ئاوارەکانی کۆبانیەوە بچن و خواردەمەنی و دەوا و دەرمانیان بۆ بەڕێ بکەن و لە شەڕی دژی داعش‌دا یارمەتی شەڕڤانان بدەن و داواشی لە حکوومەتی تورکیا کرد سنوورەکانی بۆ ئاوارەکان بکاتەوە. لە کۆتاییشدا داوای لە لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان کرد هەوڵی پێکهێنانی یەکیەتی و یەکڕیزی بدەن و پێکەوە پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی گەلی کورد لەو بەشە لە کوردستان بکەن.

لەو گردبوونەوەیەدا ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشدارییان کردبوو.