کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی دێرین و ئەندامێکی حیزبی دێموکرات

14:40 - 3 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: ئەحمەد شاوەیسی کوڕی عەزیز پێشمەرگەی دێرین وئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، خەڵکی گوندی دەرەتفێی سەربە ناوچەی بەگزادەی شاری مەریوان، لە باشووری کوردستان بە هۆی نەخۆشی و بەساڵاچوویی کۆچی دوایی کرد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەو پێشمەرگە دێرینەی حیزبی دێموکرات رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٣٠ رەزبەری ١٣٩٣ی لە باشووری کوردستان لە شاری حەڵەبجە بە هۆی نەخۆشی و بەساڵاچوویی کۆچی دوایی کرد.

کاک ئەحمەد هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە بوو بە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لە هێزیزرێباری مەریوان‌دا سازمان درا و بەو پەڕی دڵسۆزی و فیداکاریەوە ئەرکی پێشمەرگایەتی خۆی بەجێ دەگەیاند.

کاک ئەحمەد دوای سێ ساڵ تەمەنی پێشمەرگایەتی لە کوردستانی باشوور نیشتەجێ بوو؛ دواتریش وەک ئەندامێکی دلسۆز و دەروەستی حیزب درێژەی بە تێکۆشانی خۆی دا.

کاک ئەحمەد شاوەیسی بێجگە لەوەی خۆی وەک پێشمەرگە خزمەتی دەکرد، برازاکەشی بە ناوی رەحمان شاوەیسی کە وەک کوڕی خۆی گەورەی کردبوو و باری هێنابوو هێنایە ریزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و شان بە شانی خۆی تێدەکۆشا.

کاک رەحمان شاوەیسی برازای کاک ئەحمەد ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی لە شەڕی دزڵی شەهید کرا.

کاک ئەحمەد هەتا کاتی کۆچکردنی وەک ئەندامێکی وەفادار لەگەڵ حیزبەکەی مایەوە و ئێستاش بەشێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە کەس و کاری کاک ئەحمەد دەکات و خۆی لە خەم و پەژارەیاندا بە شەریک و بەشدار دەزانێت.