کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانمارک/ کۆمیتەی حیزبی دێموکرات و کۆمیتەی پشتگیری لە کۆبانی خۆپیشاندانێکیان بەڕێوە برد

14:48 - 3 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: لەسەر بانگهێشتی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ دانمارک و کۆمیتەی پشتگیری لە کۆبانی، بە مەبەستی رێزگرتن لە خۆڕاگری و بەرخۆدانی کۆبانی خۆپیشاندانێک لە شاری ئارهووسی وڵاتی دانمارک بەڕێوە چوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەو خۆپیشاندانە رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٥ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی بە دەستپێشخەریی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات ــ دانمارک و کۆمیتەی پشتگیری لە کۆبانی بەڕێوەچوو.

بەشداربووانی ئەم خۆپیشاندانە لەبەر دەم وێستگەی شەمەندەفەری شاری ئارهووس بە وتنی دروشم هەتا بەردەم کلیسای مێژوویی ئەو شارە رێپێوانیان کرد و کۆمیتەی ئامادەکار بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان پێشوازیی لە خۆپیشاندەران کرد.

پاشان داواکاریی خۆپیشاندەران لەلایەن هەژار دەشتیـەوە بە زمانی دانمارکی خوێندرایەوە کە تێیدا لە سەر ئەم خاڵانەی خوارەوە جەخت کرابوو:
هاوکاریی بەرگریکارانی کۆبانی و کردنەوەی سنوور بە ڕووی خەڵکی خۆبەخش بۆ بەرپرچدانەوەی کردەوەکانی داعش و هاوکاری نێودەوڵەتی بۆ گەلی کورد و شەرمەزارکردنی دەوڵەتی تورکیە کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هاوکاریی داعش دەکات.

دوای پێشکەشکردنی وتار، خۆپیشاندەران بۆ بەردەم شارەداریی شاری ئارهووس کە کۆمەڵێک لە کوردانی دانیشتووی ئارهووس خێوەتێکی مانگرتنیان بۆ پشتیوانی لە کۆبانێ و شەرمەزارکردنی داعش هەڵدابوو، کەوتنە‌رێ.

لە کۆتایی خۆپیشاندانەکە فایەق ئەلیاسی بە ناوی کۆمیتەی ئامادەکارەوە سوپاسی کوردانی بەشداربووی کرد کە بەدەم بانگەوازیی حیزب و کۆمیتەی ئامادەکاری خۆپیشاندان هاتبوون.

نەو خۆپیشاندانە بە وتنەوەی سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب لە لایەن بەشداربووانەوە کۆتایی پێهات.