کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانمارک/ پشتیوانییەکانی کومیتەی حیزبی دێموکرات لە کۆبانێ درێژەی هەیە

16:18 - 4 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: كومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ دانمارک، لە هەڵمەتێکی هاریکاری و پشتیوانی بۆ شاری کۆبانێ بەشداری کرد.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە چەند رۆژی رابردوودا  فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی دانمارک  لە کۆپێنهاگ و دەوروبەری بەمەبەستی کۆکردنەوەی هاریکاری بۆ شاری کۆبانێ هەڵمەتێکی دەست پێکردبوو کە لە ئاکامدا خەڵکێکی زۆر بەشدارییان کرد و کۆمەڵێک جل‌وبەرگی زستانی وەکوو، پەتوو، جل‌وبەرگی منداڵان و کەرەستەی پێویست بۆ خەڵکی ئەو شارە کۆکرایەوە.

11199.jpg


کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی شیلەند (کۆپێنهاگ)، شاندێک لەلایەن کومیتەی حیزب بە سەرپەرەستیی حاتەم جیهانگیری بەرپرسی کۆمیتەی شیلەندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشدارییان لە ناردنی ئەو هاریکاریانە کرد و بە پێی هەواڵی گەییشتوو، ئەو یارمەتیانە لە رێگای تورکیەوە بەڕێکراون .

بە پێی ئەم راپۆرتە، کومیتەی حیزبی دێموکرات ــ دانمارک  جیا لە ناردنی کەل‌وپەل و پێداویستی، وەک هاوکاری بۆ ئەو خۆڕاگرانەی کە لە کۆبانێ بەرگری لە بەشێکی خاکی کوردستان دەکەن، لە کۆکردنەوە و ناردنی کەل‌وپەلەکاندا بەشداریی چالاکانەی کردووە.

هەر لەو پێوەندییەدا کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە یەک مانگی رابردوودا چەندین دیدار و چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەندامان پارلمان و کنسوولی وڵاتانی دیکە لە دانمارک بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی بۆ خەڵکی کۆبانێ پێکهێناوە.

هەروەها لەم ماوەیەدا رێکخستنی و بەڕیوەبردنی خۆپیشاندان لە شارە جۆراوجۆرەکانی وڵاتی دانمارک بەمەبەستی پشتیوانی لە کۆبانێ لە چالاکییەکانی تری کۆمیتەی دانماکی حیزبی دێموکرات لە پشتیوانی لە کۆبانێ بوون.