کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

\"رووناکبیر لە کۆمەڵگای ئێراندا\" (جەماڵ فەتحی)

15:24 - 5 خەزەڵوەر 2714

رووناکبیر ئەو کەسەیە کە لە کۆمەڵگا دەژیت و لە ناخی خەڵکەوە سەرهەڵدەدات بەڵام لە ئاستی بیرکردنەوە و شێوەی تێڕوانینی بۆژیان و کۆمەڵگا لەگەڵ خەڵکی ئاسایی جیاوازە و هەمووکاتێک بۆ گۆڕانکاری لە ریزی پێشەوەدایە و لەهەر رووداوێکی ئەو کۆمەڵگا بە باشترین شێوە رۆڵی خۆی دەگێڕێت و شێوازێکی نوێ دێنێتە گۆڕێ، رەنگە بەهۆی نوێخوازیی و رچەشکاندنەکانی کەوێتە بەر لۆمە و تانەی کۆمەڵگا وە وەکوو مرۆڤێک کە داب و نەریتەکانی لە بەر چاو نەگرتووە، هەڵسووکەوتەکانی بە دژی روانگای باوی کۆمەڵگا شرۆڤە بکرێت و تاوانباری بکەن.

11208.jpg
جەماڵ فەتحی


لە وڵاتانی پێشکەوتووخواز هەتا سەدەی رونسانس کە ئایین و نەریتە کۆنەکان بەسەر تەواوی بوارەکانی ژیانی خەڵکدا زاڵ بوووە رێگا بە هیچ جۆرە بیرێکی نوێ و جیاواز نەدەدرا سەرهەڵبێنێت بە ناوی ئایین و پێبەندبوون بە فەرهەنگی رەسەن هەر جۆرە شێوازێکی تازە لەلایەن کلیساکانەوە سەرکوت دەکرا، چۆنکە قازانجیان لەوەدا بوو کە هەر خەڵک بەرەو دواتر هان بدەن و لە حاڵەتێکی بێ جمانیی رایانبگرن هەتا ئەوەی کە کەسێک بە نێوی مارتین لووتر لە کلیسا و بە جلی ئایینەوە سەری‌هەڵدا و بە روانگایەکی‌ دیکە ئایینی بە کۆمەڵگا ناساند و بەرەنگاری ئەو ئایدولوژیا کۆنەپەرەستانەیە ببو کە نزیک بە ١٥٠٠ساڵ کۆمەڵگای مەسحیەت و ئوروپایی بەگشتی لەبەرەو پێش چوون و سەرکەوتن راگرتبوو و تەواوی داهات و سامانی گشتی لەژێر رکێفی کلیسا و ئایینی بەرچاوتەنگی مەسیەحیەتی ئەو کات بوو، ئەم بزاوتە نوێخوازیە کە لە ناخی ئایینەوە سەری‌هەڵدا تەواوی بوارە جۆراوجۆرەکانی خستە ژێر کاریگەری خۆیەوە و لەهەر بەشێکدا خەڵک سەرکەوتنیان بەدەست هێنا و ژیانیان چ لە باری ئابوورییەوە چ لە باری ئایینی و فەرهەنگییەوە گۆڕێنی بەسەردا هات، گرنگی ئەم بزووتنەوە لەوەدایە کە بە هۆی ئەم بزافە فیکرییە، ئایین بە رواڵەتێکی تازە و رێبازێکی نوێ و تەنیا لە بوارێکی تایبەت کەڵکی لێ وەردەگیرا، ئایین هەر چەندە نەفەوتا بەڵکوو بە رواڵەتێکی دیکە هاتە مەیدان، ئایین ئیدی بڕیاردەری گشتی نەبوو، تەنیا لە کلیسا و وەکوو ئایینی پەتی مایەوە و لە تەواوی بەشەکانی دیکەی کۆمەڵگا وەک سیاسەت، ئابووری، کۆمەڵایەتی دەوری سەرەکیی ناگێڕێت و بۆ هەرشتێک لە پەنجەرەی ئایینەوە ناڕوانن و دوایین قسە و بڕیاریان بە نێوی ئایینەوە دەرنابڕن.

لە کۆمەڵگای ئێران و لەژێر دەسەڵاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێراندا کە لە ئایین وەکوو ئامراز و چەکێک بە قازانجی دەسەڵاتداران کەڵک وەردەگرێت، بەمەبەستی پەرەپێدان و گەشەسەندنی ئایدولوژیای تایبەتی ئەم رێژیمە، هەر شێوەیەکی دژە مرۆیی بۆ داسەپاندنی بیری ئاژاوەگێڕی تاقی دەکەنەوە.

رێژیمێک کە هەرجۆرە چالاکییەکی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئابووری بە دژایەتی لە گەڵ خۆی پێناسە دەکات وبەنهێنی و ئاشکرا بەرەڕوویان هەڵوێستی توند دەگرێت، بە رواڵەتێکی فریوکارانە لە کوردستان رێکخراوەی فەرهەنگی-هونەری دادەمەرزێنێت و هەوڵ دەدات چالاکانی ئەم بوارانە بەرەو لای خۆی بکێشێت و باشتر بیانخاتە ژێر رکێفی لایەنە فیکری و فەلسەفییەکانی خۆیەوە و لەژێر ناوی زیندووکردنەوەی فەرهەنگی ئێرانی – ئیسلامیی کە تایبەتی ئەم حکوومەتەیە و دروشمی سەرەکییەتی، ساڵانە ملیاردەها تمەن داهات و سامانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران لە کیس دەدات.
ئەم حکوومەتە کە ئیدعای دەکات کە لایەنگری چینی روناکبیر و چالاکانی فەرهەنگییە،بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەی نووسراوە و کتێبەکانیان هەزاران لەمپەر دروست دەکات و بە ئاسانی ئیجازە نادا نووسراوەکان بگاتە دەستی خوێنەران مەگەر ئەوەی کە لە پێناوی خزمەت بە سیاسەت و بەرژەوەندیی ئەوان بیر بکەنەوە و گوێ لە مستیان بن، هێندێ جاریش بۆئەوەی پیشان بدەن کە لە ئێراندا ئازادی بیروڕا هەیە و روناکبیران بە ئاسانی دەتوانن بۆچۆنەکانی خۆیان دەرببڕن و هەروەها بە ئامانجی ناساندن و پاشان دەسبەسەرکردنی بیرمەندە دژبەرەکانی خۆی، دوای سانسور و سڕینەوەی کاکڵەی ناوەڕۆکەکان ریگەی چاپی کتێب یان بابەتگەلێک دەدرێت.

رێژیمێ کە ساڵەهایە هەوڵ دەدات ئاستی رووشنبیری کۆمەڵگا لاواز بکاتەوە و هەر بزافێکی فیکری سەرکوت دەکا و بە تەواوی هێز و تواناییەوە تێدەکۆشێ داب و نەریتی رەسەن و مێژووی نەتەوەکانی ئێران و بە تایبەت نەتەوەی کورد بسڕێتەوە ئینجا قەوارەیەکی نوێ لە بیری کۆنەپەرەستانەی خۆی بە زۆرە ملێ داسەپێنێت، چۆن دەشێت بەم سیاسەتانەی باوەڕ بکەیت لە حاڵێکدا بە هۆی بیروباوەڕی جیاواز، زیاترین رێژەی زیندانیان چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگین و بۆئەوەی لەباری دەروونی و فیکرییەوە تێکیان بدەن لەگەڵ تاوانبارانی بەشی قەتڵ و ماددەهۆشبەرەکان لە یەک بەندا ماوەی دەسبەسەرییان تێپەڕ دەکەن هەتا لەباری کەسایەتی و کۆمەڵایەتی هەست بەداڕووخان بکەن، لە لایەکیترەوە بە بانگەشە کردن، خۆێ بە دڵسۆزی کورد و داکۆکیکار لە نەتەوەی کورد دەناسێنێت و چالاکانی راستەقینەی گەل بە دەستوپێوەندیەکانی وڵاتانی رۆژئاوایی، هەر چەندە بە پێچەوانەی ئامانجە نگریسەکانی نەیتوانیوە ورەی گەلی کورد دابەزێنێت و پیلانەکانی بە نیوەکاری ماوەتەوە بەڵام دوابەدوای هەرپیلانێکی دژەمرۆیی سیاسەتێکی تازە بۆ بەچۆک داهێنانی قەڵەم بەدستان و بیرمەندانی کورد دادەڕێژێ هەرجار بە شێوازێکی نوێ دێتە مەیدانی دژایەتی و سەرکوتی بزووتنەوە فیکرییەکانی نەتەوەی کورد.

بۆیە روناکبیران و چالاکانی فەرهەنگی دەبێت هوشیارانەتر لە هەمیشە سیاسەتە نامرۆییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بناسن و بە داوە زریقە و بریقەدارەکانی فریو نەخۆن و قەڵەم و مێشکیان هەرلە خزمەتی نەتەوەی خۆیاندا بێت و بە ئاشکرا و نهێنی بۆ ئاگادار کردنەوەی چینی تازە پێگەیشتوو و لاو خۆیان ماندوو بکەن و ئەرکی سەرەکیی خۆیان بەجێ بێنن هەتا رێژیم لەسەر ئەم توێژە کە کۆڵەکەی نەتەوەکەمانن شوێن دانەری نەرینیان نەبێت.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە