کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەند مانگ تا دەسپێڕاگەیشتنی رێژیمی ئێران بە چەکی ناوکی و بەرزبوونەوەی دەنگی نارەزایەتییەکان

15:48 - 6 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: جێگری پێشووی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند کە ئەگەری دەستپێڕاگەیشتنی رێژیمی ئێران بە بۆمبی ئەتۆمی لەئارادایە.
بەپێی راپۆرتی ئەلعەرەبییە، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی، ئۆلی هاینۆنن، جێگری پێشوووی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی و مامۆستای زانکۆی هاروارد لە وتووێژێکی رادیۆیی‌دا لە شاری نیویۆرکی ئامریکا رایگەیاند کە رێژیمی ئیسلامی هەتا چەند مانگی داهاتوو دەستی بە بۆمبی ئەتۆمی رادەگات.

ئۆلی هاینۆنن، جێگری پێشووی سەرۆکی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی لە درێژەدا وتوویەتی: ئەگەر دانوستانە ئەتۆمییەکان بێ هیچ ئاکامێک و رێکەوتنێک بۆ سنووردارکردنی بەرنامەی ئەتۆمی رێژیمی ئێران کۆتایی پێ بێت، رێژیمی ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی دەگات.

جێگری پێشووی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی هەروەها بە جەخت کردنەوە لە سەر پابەندنەبوونی رێژیمی ئێران بە رێکەوتنی کاتی رایگەیاند کە تەنانەت ئەگەر رێکەوتنی کاتی سەربگرێت، رێژیمی ئێران \'\' توانایی دەستپێڕاگەییشتن بە بۆمبی ئەتۆمی لە چەند مانگی داهاتوودای هەیە.

هاینۆنن هەروەها لە دەێژەدا ئاماژەی بە بەلاڕێدابردن و نهێنی‌کاریـەکانی رێژیمی ئیسلامی لە بواری چالاکییە ئەتۆمییەکان کرد و رایگەیاند کە بەرنامەی ناوکی رێژیمی ئێران پێچ و پەنای نادیاری زۆری تیایە کە ئاژانسی وزەی ناوکی بە هۆی دەستپێڕانەگەیشتن بە دامەزراوە ناوکییەکانی ئەو رێژیمە، بەتەواوی لێی ئاگادار نییە.

وێندی شێرمێن، جێگری وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا و سێهەمین بەرپرسی باڵای ئەو وەزارەتخانەیە لە پێوەندی لەگەڵ ئەگەری رێکەوتنی ناوکی رایگەیاندووە کە هەنووکە کاتی کۆتایی پێهێنان بە مەئمووریەتی جیاکردنەوەی وزەی ناوکی لە هێزی نیزامییە هاتووە.

یەکێک لە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لەو پێوەندییەدا وتی ناکۆکی قووڵ لە سەر پرسە گرینگەکان لە دانوستانەکان‌دا وەک خۆی ماوەتەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا فرانک واڵتر ئێشتاین مایر وەزیری کاروباری دەرەوەی ئاڵمان رایگەیاندووە کە دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ رێژیمی ئێران دەبێ لە پێناو پێشگرتن لە دەستپێڕاگەیشتنی ئەو رێژیمە بە چەکی ئەتۆمی بەرەوپێش بچێت.

هەروەها، نیگەرانی نوێنەرانی کۆنگرەی ئامریکا لە رێکەوتنی ناوکی ئۆباما لەگەڵ رێژیمی ئێران بێ وەرگرتنی مۆڵەت لە کۆنگرە، بەرز بووەتەوە.

ئەد رۆیس و بات مەک‌کیۆن، سەرۆکی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوە و هێزە چەکدارەکان ئامریکا، مارک کرێک و ئێلینا رۆز لتینن، لە کۆماریخوازانی کۆنگرەی ئامریکا سەبارەت بە رێکەوتنی هەڵە لەگەڵ رێژیمی ئێران هۆشداریان بە دەوڵەتی ئامریکا داوە و مەرجی رێکەوتنی ناوکی لەگەڵ رێژیمی ئێرانیان پێوەندیدار بە دەست هەڵگرتنی تەواوی ئەو رێژیمە لە زێدەخوازییە ناوکییەکان و روونی بوونی بەرنامەی ناوکی و هەروەها نەبوونی هیچ جۆرە ئەگەرێک بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئەو رێژیمەوە، وەسف کردوە.

بەسەرنجدان بە ناکۆکییەکان، هێڵە سوورە دیاریکراوەکان بۆ لێژنەی دانوستانەکاری رێژیمی ئێران لەلایەن خامنەیی، کارناسانی سیاسی لەو باوەڕەدان کە دەستپێڕاگەیشتن بە رێکەوتنی ناوکی لەگەڵ رێژیمی ئێران بە هیچ ئەنجامێک ناگات.