کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرکرانی ١٠٠ کرێکاری پێترۆشیمیی ئیلام

16:22 - 6 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: زیاتر لە ١٠٠ کرێکاری پیترۆشیمیی ئیلام سەرەڕای دواکەوتنی مووچە و وەرگرتنی مۆڵەتی ئیدارەی کار، ئیزنی چوونەژوورەوە بۆ نێو کارخانەیان پێ نەدرا.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کاری ئێران، زیاتر لە ١٠٠ کرێکاری شیرکەتی پیترۆشیمیی ئیلام لە سەر کارەکانییان دەرکراون و ئیزنی چوونەژوورەوە بۆ نێو کارخانەکەیان پێ نادرێت.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم کرێکارانە چەند مانگە حەقدەستییان وەرنەگرتووە و جگە لەوەش لەلایەن بەڕێوبەری پیترۆشیمییەوە لە سەرکارەکەیان دەرکراون و دواتر ئیزنی چوونەژوورەوە بۆ نێو کارخانەکەیان پێ نەدراوە.

کرێکارانی دەرکراوی شیرکەتی پیترۆشیمیی ئیلام تا ئێستا چەندین نامەیان بۆ بەرپرسانی رێژیم لە پارێزگای ئیلام نووسیوە و ناڕەزایەتییان سەبارەت بە بارودۆخی خۆیان دەربڕیوە، بەڵام تا ئێستا بەرپرسانی شیرکەتی پیترۆشیمیی ئیلام هیچ وڵامێکیان بەو کرێکارانە نەداوەتەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، بەرپرسانی زانکۆی عولووم پزشکیی سنە ٣٠٠ کارمەندی کوردی ئەو زانکۆیەیان لەسەر کارەکانییان دەرکردووە.

هەروەها، ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی رێکخراوەی پاراستنی ژینگەی پارێزگاری ئیلام، بە بێ هیچ بیانوو و هۆکارێک لە سەر کارەکانییان دەرکرابوون و لەم پێوەندییەدا بەرپرسانی رێژیم لە ئیلام وڵامدەرەوە نەبوون و کە دواتر ئەو کرێکارانە لە بەردەم مەجلیسی شوورای ئیسلامیی رێژیم کۆبوونەوەیان پێک هێنا بوو.

دەرکردنی کارمەندە کوردەکانی زانکۆی عولوومی پزیشکیی سنە، دەرکردنی فەرمانبەرانی پاراستنی ژینگەی ئیلام، دەرکردنی کرێکارانی کورد لە شیرکەت و کارگە پێشەسازییەکان و داخرانی یەکە بەرهەمهێنەرەکان لە هۆکارەکانی چوونە سەرێی رێژەی بێکاری لە پارێزگاکانی کوردستانی ئێران بووە.