کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان/ کۆبوونەوەی نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان

19:12 - 6 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: نوێنەری کومیتەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە شاری کۆڵن لە وڵاتی ئاڵمان کۆبوونەوەیەکی هاوبەشیان پێک هێنا.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە ٤ی خەزەڵوەری ١٩٩٣ی هەتاوی، نوێنەرانی چەندین حیزب و لایەنی سیاسیی باکوور، رۆژهەلات و باشووری کوردستان لە شاری کوڵن کۆ بوونەوە.

لەم کۆبوونەوەیەدا، لەسەر کۆمەڵێک باسی تایبەت بە ناوچە و کوردستان و بەتایبەت شەڕی بەرگری گەلی کورد لە دژی هێڕشەکانی رێکخراوی تێرۆریستیی داعش بۆ سەر کوردستان راوڕاوێژ کرا.

بە پێی ئەم راپۆرتە، لە کۆبوونەوەی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان لە کۆڵنی ئاڵمان، لێژنەیەک بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ ئاوارەکانی کۆبانێ و شنگاڵ دەست‌نیشان کرا.

هەروەها لەم کۆبوونەوەیەدا، بابەتێک لەسەر چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی رێزلێنان لە شەهیدان و یادکردنەوەی کیمیابارانی شاری هەڵەبجە لە وڵاتی ئاڵمان خرایە بەر باس.

سامان سەواری بەرپرسی پەیوەندییەکانی کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان بەشداری کۆبوونەوەکە بوو.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆبوونەوەکەدا پرسی پێکهێنانی کومیتەی هاوکاری هێزە سیاسییەکانی کوردستای لە وڵاتی ئاڵمان خستە بەر باس و بەشداربوان و لەو بارەوە گفتوگۆیان کرد.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە نوێنەری چەندین حیزب لە باکوور ، رۆژهەڵات و باشوور بەشدار بوون، بریار درا کە لە داهاتووشدا درێژە بە کۆبوونەوەکانی هاوشێوە بدرێت.