کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیان لە دەست‌دانی سەربازێکی کورد بە هۆی پێ‌نەدانی ئیزنی ڤیزیتی پزیشکی لەلایەن فەرماندە نیزامییەکانی رێژیم

21:00 - 6 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: لاوێکی کوردی خەڵکی ناوچەی بزمیرئابادی ناوچەی سەرپێڵ زه‌هاو، پێڕەوی ئایینی یارسان لە کاتی بەسەربردنی خولی ئیجباریی سەربازی لە پادگانی رێژیم بەهۆی پێ نەدانی ئیزنی ڤیزیتی پزیشکی و چارەسەرنەکرانی نەخۆشییەکەی گیانی لە دەست دا.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لاوێکی کوردی پێڕەوی ئایینی یارسان بە هۆی پێ‌نەدانی ئیزنی ڤیزیتی پزیشکی لەلایەن فەرماندەکانی پادگانی ناسراو بە ئەبووزەری سەرپێڵ زەهاو گیانی لە دەست دا.

بەپێی ئەو راپۆرتە فەرماندەکانی پادگانی رێژیم بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری پێ سپێردراوی رێژیم لە پێناو سیاسەتی پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی نەتەوەیی و ئایینی، ئیزنی ڤیزیتی پزیشکییان بە لاوێکی کورد بە ناوی یاسر زارعی میرحەساری کوڕی کازمخەڵکی گوندی بزمیرئاباد سەر بە ناوچەی سەرپێڵ زەهاو نەداوە و ئەوەش گیان لەدەست‌دانی ئەو لاوە کوردەی ‌لێکەوتووەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو رووداوە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند: یاسر زارعی کە لە پادگانی ئەبووزەری سەرپێڵ زەهاو سەرقاڵی تێپەڕاندنی دەورەی ئیجباریی سەربازی بووە بە هۆی ئێش و ئازاری زۆری ناوشانی چەندین جار داوای لە فەرماندەکەی کردبوو کە ئیزنی پێ‌بدرێ بۆ سەردانی پزیشک و چارەسەریی نەخۆشییەکەی، بەڵام هەموو جارێک وڵامی رەتی پێ درابوو.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە بە هۆی دەرمان نەکردن لە کاتی پێویست‌دا رۆژی هەینی رێکەوتی ٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی ئەو هاووڵاتییە کوردە کە پێڕەوی ئایینی یارسان بووە باری لەش‌ساغیی خراپتر بووە و پێش گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لە دەست داوە.

11225.jpg
یاسر زارعی


هاووڵاتییانی کوردی پێڕەوی ئایینی یارسان بەردەوام لەلایەن رێژیمەوە بە شێوەی سیستماتیک و بەرنامە داڕێژتراوە بە هۆی کورد بوون و یارسانی بوونیان دەکەونە ژێر هەڵاواردن.

چالاکانی یارسانی چەندین جار ناڕەزایەتی خۆیان سەبارەت بە هەڵاواردن و چاوپۆشی و رێزنەگرتن لە حورمەت و مافی مرۆڤی هاووڵاتییانی یارسان لەلایەن رێژیمی ئیسلامییەوە راگەیاندووە و جەختیان کردووەتەوە کە زۆربەی کێشەی ماف و مرۆیەکانی هاووڵاتییانی کورد بە هۆی سیستمی توندی ئەمنییەتی و باوەری فرقەگەرایانەی رێژیمی ئیسلامی روو دەدات.

لەو پێوەندییەدا و لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا چەند کەسی دیکە لە هاووڵاتییانی کورد کە لە کاتی تێپەڕکردنی دەورەی ئیجباریی سەربازی بە هۆی گۆڕینی مەزهەب لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە کەوتوونەتە بەر ئازار و ئەزیەت و هەڕەشەیان لێکراوە کە ئەگەر مەزهەبی خوازراوی رێژیم قەبووڵ نەکەن بۆ ناوچە عەمەلیاتییەکان دەنێردرێن.

هاووڵاتییان کوردی پێرەوی ئایینی یارسان هەتا ئێستا چەندین جار بە هۆی ئازار و ئەزیەت خۆکوژیان کردووە.

مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی بە هۆی تۆمەتی هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە ئایینی یارسان(ئەهلی حەق) و تاشینی سمێڵی هاووڵاتییەک بە ناوی کیومەرس تەمناک دوو هاووڵاتیی یارسانی بە ناوەکانی حەسەن رەزەوی و نیک موراد تاهیری ئاگریان لە خۆ بەردا.