کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان/ چالاکییەک بە مەبەستی هاریکاریی کۆبانێ و شەنگال بەرێوە چوو

13:48 - 7 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: کۆبوونەوەیەک بۆ پشتیوانی و هاریکاریی شەنگال و کۆبانێ لە شاری برێمن لە ئاڵمان بەڕێوەچوو.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەری کوردستان میدیا، ئێوارەی هەینی ٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی زیاتر لە دووسەد کەس لە چالاکانی سیاسی، رووناکبیران، نووسەران، شاعیران، هونەرمەندان و نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کورد، تورک، فارس و خەڵکی ئاسایی و هەروەها چالاکوانان و کەسایەتییەکانی دوو وڵاتی ئاڵمان و سریلانکا لە شاری برێمن لە هۆڵی بورگاسێنترووم کۆبوونەوە.

لە رێورەسمەکەدا وێرای خوێندنەوەی پەیامی حیزبەکان و لێدوانی کەسایەتییەکانی بەشدار لەسەر بەرگریی گەلی کورد لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان لە بەرانبەر هێرشەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، کۆمەڵێک هۆنراوە و پارچە مووزیکیش بەو بۆنەوە لە لایەن هونەرمەندانەوە پێشکەش کران.

11239.jpg


هەر بەو بۆنەوە شەهریار نەقشبەندی بەرپرسی کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ــ ئاڵمان پەیامێکی پێشکەش کرد.

بەرپرسی کۆمیتەی ئاڵمانی حیزبی دێموکرات لە قسەکانی خۆیدا باسی لەسەر هەڵوێستەکانی حیزبی دێموکرات تایبەت بە بەشە جیاجیاکانی کوردستان و بەتایبەت شەڕی بەرگریی کورد لە بەرانبەر داعش کرد.

نەقشبەندی لە کۆتایی قسەکانیدا هاوکات داوای لە هەموو لایەک کرد بە هانای ئاوارەکانی کۆبانێ و شەنگالەوە بچن.

لەم رێوڕەسمەدا کۆمەڵێک هاوکاری بۆ ئاوارەکانی کوردستان لە شنگال و کۆبانێ کۆکرایەوە و لە لایەن رێکخراوی مانگی سووری کوردستانیەوە بۆ ئاوارەکان بەڕێ کرا .

11237.jpg


هەر لەو پێوەندییەدا، رۆژی شەممە ٢٦ی رەزبەری ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان بە هاوکاریی سەدان کەس لە کوردانی دانیشتووی شاری برێمنی وڵاتی ئاڵمان، گردبوونەوەیەکی بەرینیان بۆ پشتیوانی لە کۆبانی پێک هێنابوو.

لە گردبوونەوەکەدا، داوا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان کرا کە بە زووترین کات بە هانای ئاوارەکانی کۆبانیەوە بچن، هەروەها داوا لە هاوپەیمانان کرا دژ بە هێرشەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش زیاتر یارمەتیی شەرڤانانی کورد بدەن و بنکە و بارەگاکانی داعش لە ناو بەرن لە کۆتاییدا داوا لە وڵاتی تورکیاش کرا سنوورەکانی بۆ ئاوارەکانی کۆبانی بکاتەوە و لە شەڕی دژە تیرۆردا بەشداری بکات.