کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی پێوەری نابەرابەری نێوان ژنان و پیاوان لە ئێران لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا

13:54 - 7 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: سەرەڕای وادە و بەڵێنییەکانی حەسەن رۆحانی لە بواری مافی هاووڵاتییانەوە، پێوەری نابەرابەری نێوان ژنان و پیاوان لە ئێراندا لە ماوەی ساڵی رابردوودا بەرزبووەتەوە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، روانگەی ئیدئۆلۆژیک و مەزهەبی لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە بووەتە هۆی کەلێنی رەگەزی ماناداری نێوان ژنان و پیاوان لە ئێراندا.

لە دوایین پلەبەندیی کۆڕی جیهانی ئابووری کە لە ساڵی ٢٠١٤ی زایینی بڵاو کرایەوە، ١٤٢ وڵاتی جیهان لە بواری پێوەری نابەرابەری نێوان ژنان و پیاوان تاوتوێکراون.

بەپێی توێژینەوەکان، ئێران لە نێوان ١٤٢ وڵاتی جیهان لە بواری کەلێنی رەگەزی پلەی ١٣٧ی هەیە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە ئێران بۆ ساڵی ٢٠١٣ی زایینی بە دەستەبەرکردنی ٠،٥٨ ئیمتیاز لە بواری نابەرابەری نێوان دوو رەگەزی جیاواز پلەی ١٣٠ی هەبوو.

ئەو پێوەرە جیهانییە لە چوار کۆڵەکەی سەرەکی بەشداری و دەرفەتە ئابوورییەکان، وەدستهێانی فێرکاری، لەش ساغی و مانەوە و تواناسازی سیاسی پێکهاتووە.

پێوەری جیهانیی کەلێنی رەگەزی کە لە ساڵێ ٢٠٠٦ی زایینیەوە لەلایەن ئەنجومەنی جیهانی ئابووری دەردەچێت، ژمارەیەک نێوان (٠ و١)ـە. هەتا ژمارەی کۆتایی بە (٠) نزیکیتر بێت بە نابەرابەری تەواو و هەتا بە ژمارەی (١) نزیکتر بێت بە بەرابەری تەواو نزیکتر دەبێتەوە.