کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژاوەرۆی سنە/ ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆچی دوایی کرد

16:34 - 7 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سنە لە تەمەنی ٦٤ساڵیدا بە هۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

11242.jpg
باسام ئیبراهیمی


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی، باسام ئیبراهیمی کوڕی مەولان لەدایک بوی ساڵی ١٣٢٩ی هەتاوی و خەڵکی گوندی تەنگیسەر سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە لە تەمەنی ٦٤ ساڵیدا لە گەڕەکی حاجیاوای شاری سنە بە هۆی جەڵدەی دڵ کۆچی دوایی کرد.

تەرمی باسام ئیبراهیمی ئەندامی حیزبی دێموکرات، بە بەشداریی بەرچاوی خەڵکی ژاوەرۆی سنە لە گوندی تەنگیسەربە خاک سپێردرا.

باسام ئیبراهیمی، ساڵی ١٣٦٠ لەگەڵ تەشکیلاتی نهێنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێوەندی گرتووە و بە شێوەی فەرمی وەکوو ئەندامێکی حیزبی دێموکرات چالاکی و کاروباری حیزبی و رێکخراوەیی خۆی دەست پێکرد و تا دواساتەکانی ژیانی بە حیزبی دێموکرات وەفادار مایەوە.

بنەماڵەی باسام ئیبراهیمی، لایەنگری رێبازی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانن و چەندین کەس لە ئەندامانی ئەم بنەماڵەیە هاتوونە‌تە ریزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و ٣ کەسیشیان لەم ریزەدا شەهید کراون.

باسام ئیبراهیمی بە هۆی نیشتمان‌پەروەری و پشتیوانی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چەند جار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە بێ حورمەتی پێ کراوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە دانیشتوانی ناوچەی ژاوەرۆ و بە تایبەت گوندی تەنگیسەر و بنەماڵە و کەسوکاری باسام ئیبراهیمی دەکات و خۆی لە خەم و پەژارەیاندا بە شەریک و بەشدار دەزانێت.