کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وێنەی بەرپرسێکی حکوومەتی، وەکوو تاوانباری پڕژاندنی ئەسید لەلایەن میدیاکانی سەر بە رێژیمەوە بڵاو کرایەوە

18:36 - 8 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: میدیاکانی رێژیمی ئیسلامی، وێنەی فۆتۆشاپ کراوی یەکێک لە ئەندامانی لێژنەی بەڕێوەبەری رێکخراوی ستانداردی ئێرانیان وەکوو تاوانباری رووداوەکانی ئەم دواییانەی پرژاندنی ئەسید بە ژنان و کچاندا، بڵاو کردەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بابەتی پرژاندنی ئەسید بە دەم وچاوی ژنان و بەڕێوەبردنی گەڵاڵەی ئەمری بە مەعڕووف و نەهی لە مونکەر، دژکردەوەی توندی هاووڵاتییانی ئێرانی لە شارەکانی تاران و ئیسفەهان و بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان، رەوتێکی نوێی بەخۆ گرتووە.

دوای تێپەڕبوونی کەمتر لە ٣ حەفتە لە دەستپێکی شەپۆلی پرژاندنی ئەسید بە شێوەی زنجیرەیی لە شاری ئیسفەهان کە خەڵک ئەو کارەیان پێوەندیدار بە گەڵاڵەی ئەمری بە مەعڕووف و نەهی لە مونەکەری بەسیجییەکانی پێڕەوی ولایەتی فەقیه ناوبرد، رێژیمی ئێران لە کاردانەوەیەکدا پرژاندنی ئەسیدی وەئەستۆی گرووپەکانی فیتنە خست.

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی هەندێک لە میدیاکانی سەر بە رێژیمی ئێران وەکوو هەواڵدەریی مێهر، وێنەی فۆتۆشاپ کراوی کەسێکی وەک تاوانباری پرژاندنی ئەسید لە ئیسفەهانیان بڵاوکردەوە کە دواتر روون بووەوە کە ئەو کەسە دوکتور عەلی جەلالی، ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەری رێکخراوی ستانداردی ئێران، بەرپرسی کۆمپانیان دی.اس.دی لە ئینگلیس و هەروەها نوێنەری رێکخراوی جیهانی ئای. ئار، سی. ئێیە.

هەواڵدەرییەکانی سەر بە رێژیمی ئیسلامی بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەک ئیدعایان کردبوو کە ئەم وێنەیە، وێنەی تاوانباری پرژاندنی ئەسید بە ژنان و کچان لە ئیسفەهانە.

دوای ئەوەی روون بووەوە ئەو وێنەیە کە هەواڵدەرییەکانی رێژیمی ئێران بڵاویان کردبووەوە یەکێک لە ئەندامانی لێژنەی بەڕێوەبەری رێکخراوی ستانداردی ئێرانە، بە پەلە وێنەکەیان لەسەر ماڵپەڕەکانیان سڕییەوە.
لەو پێوەندییەدا بە گوێرەی راگەیەندراوێک کە لەلایەن رێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور بڵاو کرایەوە ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە بانگهێشت یا پێوەندی تەلەفوونی رۆژنامەنووسان لەمەڕ بەدواداچوونی پەروەندەی پرژاندنی ئەسید، هەڕەشەیان کردوە.

لە مانگی رەزبەری ئەمساڵدا و دوای راگەیاندنی پێویستیی بەرەوڕووبوونەوەی توندتر لە وریا کردنەوەی زارەکی و بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن بەرپرسانی رێژیمەوە، شەپۆلی پرژاندنی ئەسید بۆ دەم وچاوی ژنان و کچانی ئیسفەهان دەستی پێکرد و بەپێی ئەو ئامارانەی لە بەر دەستدایە هەتا ئێستا زیاتر لە ١٥ کەس بوونەتە قوربانیی ئەم شەپۆلەی ئەسیدپرژاندن بە ژنان و کچان لە ئیسفەهان.