کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵنێرانی بێ سنوور: رێژیمی ئێران بە هۆی رووماڵ‌کردنی هەواڵی ئەسید پرژاندن، هەڕەشەی لە رۆژنامەوان کردووە

19:40 - 8 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: رۆژنامەوانانی ئێرانی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێرانەوە هەڕەشەیان لێ کراوە کە نابێ بەدواداچوون بۆ پەروەندەکانی ئەسید پرژاندن بکەن.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا و بەپێی راگەیندراوێک کە لەلایەن رێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوورەوە بڵاو کراوەتەوە، ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران بە هۆی رووماڵ‌کردنی پەروەندەی ئەسید پرژاندن هەڕەشەی لە رۆژنامەوانان کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئەم رێکخراوە، ژمارەیەک لە رۆژنامەوانان بە تایبەت رۆژنامەوانانی تاران و ئیسفەهان لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانی رێژیم ئاگادار کراوەنەتەوە کە نابێت لە پێوەندی لەگەڵ ئەسید پرژاندن هەواڵ و راپۆرت بڵاو بکەنەوە.

هەواڵنێرانی بێ سنوور لەم بارەیەوە رایانگەیاندووە: دژ کردەوەی بەرپرسان و بەڕێوبەرانی رێژیمی ئیسلامی، هێرش بردن بۆ میدیاکان و هەڕەشە کردن و دەستبەسەر کردنی رۆژنامەوانان بووە.

سادق ئامۆلی لاریجانی، بەرپرسی دەزگای قەزایی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەم پێوەندییەدا رایگەیاندبوو کە میدیاکان بە رۆماڵ کردنی رووداوی ئەسید پرژاندن، نیزامی ریژیمی ئیسلامیی ئێرانیان چەوساندووەتەوە.

بەپێی راپۆرتەکان، بە هۆی هەڕەشەی پێش‌نوێژەکانی رۆژی هەینی کە رایانگەیاندبوو لە مەبە و دوا رووبەڕووبوونەوەی توندتر لە وریاکردنەوەی زارەکی و بەکارهێنانی هێز و توندوتیژی بۆ رێنوێنیی هاووڵاتییان و بە تایبەت ژنان پێویستە، زۆربەی هاووڵاتییانی ئێرانی، ئەسید پرژاندن بە بەڕێوەبردنی گەڵاڵەی ئەمری بە مەعروف و نەهی لە مونکیر دەزانن.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەرپرسانی رێژیمی ئیسلامی لەم پێوەندییەدا تێدەکۆشن کە جینایەتی ئەسید پرژاندن لە ئیسفەهان‌دا بابەتێکی تاکەکەسی بخوێننەوە و رایانگەیاندووە کە ئەسید پرژاندن کارێکی تاکەکەسییە و هیچ پێوەندییەکی بە ئەمری بە مەعروف نییە.

لە نیوەی دووهەمی مانگی رەزبەری ئەمساڵدا و پاش راگەیاندنی زۆرتر بوونی ئەمری بە مەعرووف و نەهی لە مونکەر و رووبەڕووبوونەوەی توندتر لە وریاکردنەوەی زارەکی و بەکارهێنانی هێز لەم بوارە لەلایەن بەرپرسانی رێژیمەوە، شەپۆلی ئەسید پرژاندنی بە سەر کچان و ژنان لە ئیسفەهان دەستی پێکرد و بەپێی ئامارە نافەرمییەکان هەتا ئێستا زیاتر لە ١٥ قوربانی لێکەوتووەتەوە.

هاووڵاتییانی ئیسفەهانی و تارانی بە مەبەستی دەربڕینی نارەزایەتی خۆیان لە ئەم بارودۆخە دەستییان بە بەڕیوەبردنی کۆبوونەوەی چەند هەزار کەسی دا و لەگەڵ دژ کردەوەی توندی هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئێران روبەروو بونەتەوە و دەیان کەسیان دەستبەسەر کراون.