کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کچێکی کوردی تەمەن ٦ ساڵ بە هۆی تەقینەوەی مین چاوی لەدەست دا

15:28 - 9 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: منداڵێکی تەمەن ٦ ساڵ لە گوندی نشکاشی سەر بە مەریوان، بە هۆی رووداوی تەقینەوەی مین چاوی لە دەست دا.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەری کوردستان میدیا، ئاڵا روبینا تەمەن ٦ ساڵ بە هۆی بەرکەوتنی پارچەی مین دەماری چاوی لە نێو چووە، ئەم کارەساتە لەلایەن پزشکانی نەخۆشخانەی تاران بە بنەماڵەکەی راگەیەندراوە.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، کە بنەماڵەی ئەم کچە کوردە، بە دەستی هەژاری و دەست‌کورتییەوە دەناڵێنن و بە وتەی وەکیلی ئەم قوربانییە، باوکی ئاڵا روبینا توانای ماڵیی ئەوەی نییە کە نەشتەرگەری بۆ ئەنجام بدا.

رۆژی هەینی، رێکەوتی ٢٦ی رەزبەری ١٣٩٢ی هەتاوی، لە گوندی نشکاش سەر بە مەریوان بە هۆی تەقینەوەی مینێک لە دەوروپشتی کۆنەپادگانێکی رووخاوی سپای پاسداران، بریندار بوونی ٧ منداڵی تەمەن ٨ تا ١٠ ساڵەی بە نێوەکانی خەبات کەریمی، سینا دژئاهەنگ، زانا پاوە، بێهنوش موقەدەم، مەتین رەخش بەهار، گەشبین کەریمی و ئاڵا روبینای لێکەوتەوە.

ئەم کارەساتە، کاردانەوەی شەهرام نازری هونەرمەندی ناسراوی کورد، ساڵح نیکبەخت پارێزەری کورد، نیکی کەریمی ئەکتەری بەناوبانگی فارس و مەحموود دەوڵەت ئابادی نووسەری فارس بەدواوە بووە و ناوبراوان لە بەیاننامەیەکدا هەستی خۆیان دەربڕی و داوایان کرد کە زووتر رێژیم دەست بە سڕینەوەی مین لە ناوچە سنووریەکان بکات.

بەرپرسانی رێژیمی ئێران هەر وەک نەخۆشی ماهان و شۆخان دوو منداڵانی دیکەی کورد، لەم کارەساتەیش وەک پڕۆپاگاندا کەڵکییان وەرگرتوو و بەڵێنەکانی بەرپرسان هەموو جێگای کوردستانی، ئێران و جیهانی گرتەوە، بەڵێنێ کە هیچ کات جێبەجێ نەکراوە و نایشکرێت.

ماوەیەک لەمەو پێش حوسەین ئەحمەدی نیاز، پارێزەری ئاڵا رایگەیاندووە، فەرمانداری شاری مەریوان هەتا ئێستا بۆ باشتربوونی دۆخی ژیانی ئەو حەوت منداڵەی تەقینەوەی مین لە گوندی نشکاش، تەنیا بە ناردنی ٥ کیلۆ رۆن و ٥ کیلۆ قەند هاریکاریی کردووە..

هاوکات لەگەڵ ئەوەش، دانا یووسفی تەمەن ١٢ ساڵەی خەڵکی شارستانی سەرپێڵ‌زەهاو لە بە پارێزگای کرماشان، کە بە هۆی تەقینەوەی مین لاقێکی پەڕیبوو، سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیک بە ساڵێک لەو رووداوە، هیچکام لە بەرپرسان و لایەنە پێوەندیدارەکان ئاوڕیان لێ نەداوەتەوە.
بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، لە ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی تا ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی، نزیک بە ٤٩٠ کەس لە شاری مەریوان بە هۆی تەقینەوەی مین کوژراون و یەک‌هەزار و ٥٣٠ کەس بریندار و فەلەج بوون.