کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رایس: رێژیمی ئێران پشتیوانی تیرۆریزمە و لە هەوڵی دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی‌دایە

14:00 - 10 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: راوێژکاری تەناهی نەتەوەیی دەوڵەتی ئامریکا ئەگەری گەیشتن بە رێکەوتنی ناوکی لەگەڵ رێژیمی ئێرانی کەمتر لە لەسەدا ٥٠ وەسف کرد.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی ئاناتۆلی تورکیە سوزان رایس راوێژکاری تەناهی نەتەوەیی دەوڵەتی ئامریکا لە پەراوێزی کۆبوونەوەیەک لە واشێنگتۆن جەختی کردەوە کە رێژیمی ئێران پشتوانی سەرەکیی تیرۆریزم لە جیهانە و رایگەیاندوە کە رێژیمی ئیسلامی لە هەوڵی دەستپێڕاگەیشتن بە بۆمبی ئەتۆمی‌دایە.

وتەکانی سوزان رایس دەرخەری ئەوەیە کە لە روانگە ئەو ئەگەری دەستپێڕاگەیشتن بە رێکەوتنی ناوکی لەگەڵ رێژیمی ئێرانی لەسەدا ٥٠ کەمترە.

لەو پێوەندییەدا زۆربەی ئەندامانی کۆنگرەی ئامریکا و هەروەها سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین نێتانیاهو سەبارەت بە رێکەوتنی خراپ لەگەڵ رێژیمی ئێران هوشداریان بە گرووپی دانوستانکار دا.

ماوەیەک پێش بنیامین نێتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە لێدوانێکدا لە رێوڕەسمێکی تایبەتی کرانەوەی خولی زستانی کێنسێتی پارلمانی ئیسرائیل بۆ چەندمین جار لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا سەبارەت بە گرووپی ناوکی رێژیمی ئێران و ئەگەری دەستپێڕاگەیشتنی ئەو رێژیمە بە بۆمبی ئەتۆمی نیگەرانی خۆی دربڕیوە و هۆشداری بە گرووپی دانوستانکار لەگەڵ رێژیمی ئێران داوە.

ئەد رۆیس و بات مەک‌کیۆن، وەک سەرۆکایەتیی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوە و هێزە چەکدارەکان لە مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا بە دەرکردنی بەیاننامەیەک رێککەوتنی ناوکی دەوڵەتی ئۆباما لەگەڵ رێژیمی ئێرانیان \'\'دووپات بوونەوەی رێککەوتنی هاوشێوەی کورەی باکوور\'\' وەسف کرد و جەختیان کردەوە کە رێژیمی ئێران لە پشتیوانانی سەرەکی تیرۆریزمی دەوڵەتی لە جیهان‌دایە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دامەزراوە ناوکییەکانی کۆریای باکوور هەرگیز لە ناو نەبردران، ناکرێ ئەو هەڵەیە لەگەڵ رێژیمی ئێران دووپات ببێتەوە.
یەک حەوتوو بەر کۆتایی هاتنی ماوەی دیاریکراوی رێکەوتنی کاتی، رێکەوتی ٣ی سەرماوەز دانوستانەکانی رێژیمی ئێران و گرووپی ١+٥ لەسەر بەرنامەی پڕ دەنگ و هەرای ناوکی ئەو وڵاتە لە رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٧ی خەزەڵوەر لە پێتەختی ئوتریش بەڕێوە دەچێت.

ئەو خولە لە دانوستانەکان لە ئاستی بەڕێوەبەرانی سیاسی نێوان هەر دوو لایەن بەڕێوە دەچێت.

زۆربەی کارناسانی سیاسی و دیپلۆماتە بەشداربووەکان لەو دانوستانانەدا لە سەر کێشەی قووڵی نێوان دوو لایەن و نەگەیشتن بە رێکەوتنێکی گشتی جەختیان کردووەتەوە.