کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راهێنان و بەڕێکردنی هاووڵاتییانی ئەفغانی بۆ سووریە لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە

15:13 - 10 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: رێژیمی ئێران لە ژێر ناوی پارێزەرانی حەرەمی زەینەب و بەمەبەستی پشتیوانی و پاڵپشتی لە رێژیمی بەشار ئەسەد، راهێنانی نیزامی بە هاووڵاتییانی ئەفغانی دەکات و بۆ سووریەیان رەوانە دەکات.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هێزەکانی سپا و بەسیجی رێژیمی ئیسلامی لە چوارچێوەی گرووپەکانی وەکوو گوردانی فاتمیوون و یا لە ژێر ناوی وەک پارێزەرانی حەرەمی حەزرەتی زەینەب بە مەبەستی بەرگری لە رێژیمی بەشار ئەسەد لە شەڕی ناوخۆیی سووریە بەشداری دەکەن و شان بە شانی هێزەکانی بەشار ئەسەد هاووڵاتییانی سڤیل و دژبەرانی رێژیمی ئەسەد دەکوژن.

گوردانی فاتمیوون لە نێردروانی ئێرانی و ئەفغانی پێکهاتووە.

رێژیمی ئێران لە دەستپێکی شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی نێوخۆیی سووریە لە هەوڵی پشتیوانی و پاڵپشتی هەمە لایەنە لە رێژیمی بەشار ئەسەد بووە و لەو بوارەدا بە بەڕێکردنی هێزەکانی سپای پاسداران بۆ سووریە هاریکاریی نیزامیی رێژیمی بەشار ئەسەدی کردووە.

لە کردەوەکانی رێژیمی ئێران لە ماوەیەدا، راهێنانی هاووڵاتییانی ئەفغانستان و ناردنی ئەو کەسانە بۆ سووریە لە ژێر ناوی پارێزەرانی حەرەمی زەینەب و هەروەها دەسپێکردنی هەوڵی نوێی سوپای پاسداران سەبارەت بە بەخزمەت گرتنی خەڵکی بیانی لە وڵاتانی دراوسێ بۆ شەڕی سووریە بووە.

کاناڵی ئاسمانی سی. ان. ان لەو پێوەندییەدا راپۆرتێکی بەڵگەمەندی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا دەریخستوە کە ئەو هاووڵاتییە ئەفغانییانەی لە ئێران ژیان دەکەن لەلایەن رێژیمی ئێران مەشق و راهێنانیان پێ دەکرێت و بە بڕە پارەی مانگانە ٥٠٠ دولار لە سووریە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی بەشار ئەسەد شەڕ دەکەن.

رێژیمی ئێران دوای کوژرانی میلیشا ئەفغانیەکان تەرمەکانیان بۆنێوخۆی ئێران دەگەڕێنێتەوە و لە شارەکانی قوم، مەشهەد، تاران و ئیسفەهان پاش گەڕاندنیان لە نێو خەڵک، چاڵیان دەکات.

هەروەها راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە رێژیمی ئیسلامی، هاووڵاتییانی شیعەی بەحرەینی، عێراقی، پاکستانی، لوبنانی و سعوودی نیشتەجێی ئێران بە ئیدیۆلۆژیایەکی تایبەتی دەخاتە خزمەت خۆی و بۆ سووریەیان بەڕی دەکات.

رەوانە کردنی هێزی نیزامیی شیعە لە ئێران بۆ سووریە و پشتیوانیی ماڵی و لۆجیستیکی رێژیمی ئیسلامی لە بەشار ئەسەد، شەڕی سووریەی والێکردوە کە گٶڕەپانێکی بەرینی شەڕی مەزهەبی لەنێو ئەو وڵاتە بێتە ئاراوە.