کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی نوێنەری حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە سێنای ئەمریکا

16:05 - 10 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکرات و بەپرسی کومیتەی ئامریکای یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کردستانی ئێران لە سێنای ئامریکا چاوپێکەوتنیان کرد.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە رۆژانی سێ‌شەمە و چوارشەمە رێکەوتی ٦ و ٧ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، ئارەش ساڵح نوێنەری حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئامریکاو دووریا عەبدوڵڵازادە بەرپرسی کومیتەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ ئامریکا سەردانی سێنای ویلایەتە یەکگرتووەکانیان کرد.

11268.jpg
ئارەش ساڵح

لەم سەردانانە‌دا شاندی حیزبی دیمۆکرات چاوی بە راوێژکارانی دوو سیناتۆری سێنا، ریچارد شێڵبی و پاتریک توومی کەوت.

لەم چاوپێکەوتنە‌دا، ئارەش ساڵح، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا سەرەتا هەندێک زانیاریی لەسەر حیزبی دیمۆکرات و نیگەرانییەکانی ئەو حیزبە راگەیاند و وتی کە حیزبی دیمۆکرات بەهای هاوبەشی لەگەڵ دنیای ئازاد و دیمۆکرات‌دا هەیە.

لە درێژەدا نوێنەری حیزبی دێموکرات، نیگەرانیی حیزبی دیمۆکراتی سەبارەت بە دزەی رێژیمی ئێران لە ناوچەکە بەتایبەت عێراق و سووریە دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران لەم بابەتە بۆ دەستێوەردان لە وڵاتانە و تێکدانی تەناهیی ناوچەکە کەڵک وەردەگرێت.

ئارەش ساڵح، لەبەشێکی دیکە لە قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە باشترین رێگا بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ رێژیمی ئێران یارمەتیدانی نەتەوەکان، بەتایبەت نەتەوەی کوردە کە دەتوانن لە بەرهەم‌هێنان و سەقامگیر کردنی دیمۆکراسی زۆر شوێن‌دانەر بن.

11273.jpg
دووریا عەبدوڵڵازادە

نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەروەها وتی: ئێمە پێمان وایە کە تەنانەت رێککەوتن لەسەر کێشەی وزەی ناوکی ناتوانێت بە واتای کۆتایی کێشەکان بێت و رێژیمی ئێران لەسەر مەتەرسی خستنە سەر ئاسایشی نێونەتەوەیی و دژایەتیی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبێت؛ بۆیە پێمان وایە ئێرانێکی دیمۆکرات و فیدراڵ لە بەرژەوەندیی هەم ئەمریکا و هەم ئێمە و خەڵکی ئێران دەبێت.

پاشان، شانۆن کانتوێڵ، راوێژکاری سیناتۆر ریچارد شێڵبی وتی: سێناتۆر شێڵبی هاوخەمیی خۆی بۆ گەلی کورد لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەردەبرێت.

شانۆن کانتوێڵ لە درێژەدا وتی که ئەوان بە گشتی لەگەڵ تێڕوانیەکەی حیزبی دیمۆکرات هاوڕان و پێیان وایە ئێران سەرەڕای هەرجۆرە رێککەوتنێک وەکوو مەترسی دەمێنێتەوە.

هەروەها راوێژکاری سیناتۆر ریچارد شێڵبی وتی کە سێناتۆر شێڵبی پێی وایە کە پێویستە ئۆباما لەسەر کێشەی ناوکی شێلگیرانەتر لەگەڵ رێژیمی ئێران بجووڵێتەوە و وتیشی ئێمە بەهیچ شێوەیەک ناتوانین رێگە بدەین ئێران دەستی بە چەکی ناوکی بگات.

لەو چاوپێکەوتنانەداا، بێن کۆچمان، راوێژکاری سیناتور پاتریک توومی، وێڕای دەربڕینی هاوسۆزی خۆی لەگەڵ گەلی کورد لە کوردستانی ئێران باسی لەوە کرد کە ئەوان بە هیچ شێوازێک رازی نابن کە رێککەوتنێکی خراپ لەگەڵ رێژیمی ئێران بکرێت، لەبەر ئەوەی رێککەوتنێکی خراپ لەگەڵ ئێران دەبێتە هۆی ئەوە کە ئێران بە ئاسانی دەستی بە چەکی ناوەکی بگات.

بێن کۆچمان هەروەها وتی کە ئەوان بە وردی چاوەدێری باروودۆخەکە دەکەن.

راوێژکاری سیناتور پاتریک توومی خۆشحالی خۆی بۆ دامەزراندنی ئەم پێوەندیە لەگەڵ حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران دەربڕی و هیوای خواست کە ئەم پێوەندیانە بەردەوام بن و ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاری تا ئەو رادەیە کە بە سیناتۆرەکان بکرێت، دەربڕی.