کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سنە/ رێپێوانی هێمنانەی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن هێزە نیزامییەکانی رێژیم بە توند و تیژی کێشرا

16:13 - 11 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: رێپێوانی هێمنانەی خەڵکی سنە بە مەبەستی پشتیوانی لە کۆبانی دژکردەوەی هێزەکانی رێژیمی بە دواوە بوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پاش نیوەڕۆی رۆژی شەممە، رێکەوتی ١٠ی خەزڵوەر ١٣٩٣ی هەتاوی، هاووڵاتییانی کورد لە سنە بە مەبەستی پشتیوانی لە خەڵکی خۆڕاگری کۆبانی لە کوردستانی سووریە، رێپێوانێکی بەرینیان پێک هێنا.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە هێزە ئینتزامییەکان و لیباس شەخسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران، چەند کاتژمێر پێش لە دەستپێکردنی رێپێوانەکە لە هەندێک شوێنی شار وەک مەیدانی ئازادی، شەقامی فێردەوسی، شاپوور و ئەو جێگایانەی کە بۆ بەڕێوەبردنی رێپێوانەکە دیاری کرابوو، هێزی ئەمنییەتییان جێگیر کردبوو.

هاووڵاتییەک لەو بارەوە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای رایگەیاند کە رێژیمی ئێران، هێزە قەناسە بەدەستەکانی لە سەربان و بەرزاییەکانی زاڵ بەسەر مەیدان و شەقامەکان جێگیر کردبوو.

دەوترێت کە رێژیمی ئێران هەر لە بەیانی رۆژی شەممە، رێکەوتی ١٠ی ١٣٩٣ی هەتاوی، پێشگیریی لە پێک هێنانی کۆبوونەوەی ٣ کەسی لە ئاستی شاردا کردبوو.

سەرەڕای میلیتاریزە بوونی شاری سنە و بوونی ژمارەی بەرچاوی هێزە ئینتزامیی و ئیتلاعاتییەکانی رێژیمی ئێران، هاووڵاتییانی کورد لە سەر شەقامەکانی فێردوسی و شاپور رێپێوانێکیان پێک هێنا و دروشمی نەتەوەیییان بۆ پشتیوانی لە کۆبانێیان دەوتەوە.

بەپێی راپۆرتەکان، ئەم کۆبوونەوەیە بڕیار بوو لە مەیدانی ئازادی دەستپێ بکات بەڵام بە هۆی زاڵ بوونی دۆخی ئەمنییەتی ئەو رێگایە گۆڕدرا بوو.

لە رێپێوانەکەدا، هاووڵاتییانی بەشدار بوو دروشمی بژی هێزی پێشمەرگە، دوژمن نەسیبت مەرگە (زندە باد نیروی پیشمەرگ، دشمن عاقبتش مرگ است)، کۆبانی تەنیا نییە، سنە پشتیوانیە (کوبانی تنها نیست، سنندج پشتیبان اوست) و کوردستان ناوی بەرزە، دوژمن دەخاتە لەرزە (کردستان نامی والاست، دشمن را بە لرزە درمی‌آورد) وتوەتەوە.

بەشداری بەرچاوی هاووڵاتییانی کورد لە رێپێوانی پشتیوانی لە کۆبانی و مەحکووم کردنی تیرۆریزم، بووە هۆی ئەوەی کە هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئێران ئەو رێپێوانە بە توندوتیژی بکێشن.

هێزە ئینتزامی و ئیتلاعاتییەکانی رێژیمی ئێران لەم رێپێوانەدا لە باتۆمی کارەبایی و گازی فرمێسک رژیان کەڵکیان وەرگرت، بۆ ئەوەی کە رێپێوانەکە تێک بدن و راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە چەند کەس لە هاووڵاتییان لەم تێک هەڵچوونەدا بریندار بوون.

هەروەها راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، کە لە رێپێوانی رۆژی رابردوودا لانیکەم ٢٠ هاوولاتیی کورد دەستبەسەر کراون.

هەر لەم پێوەندییەدا و لە شەپۆلی یەکەمی رێپێوانەکانی هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی کوردستان لانیکەم ٢٣٠ هاووڵاتیی کورد دەستبەسەر کران.