کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگهێشت و دەستبەسەر کرانی دەیان هاووڵاتیی کورد لە سنە

12:57 - 13 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران لە دوایین رێپێوانی پاڵپشتیی کۆبانی لە شاری سنە، دەیان هاووڵاتیی کوردی بانگهێشت و دەستبەسەر کرد.

کەمپەینی بەرگری لە زیندانییانی سیاسی و مەدەنی لە راپۆرتێکدا بڵاو کردووەتەوە، دوابەدوای رێپێوانی گەورەی سەر شەقامەکانی سنە بۆ پاڵپشتیی کۆبانی لە رۆژی شەممە رێکەوتی ١٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی، هێزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیمی ئێران هەتا ئێستا دەیان کەس لە چالاکان و هەڵسووڕاوانی ئەم شارەیان بانگهێشت و دەستبەسەر کردووە.

بەپێی ئەم راپۆرتە ژمارەیەک لە چالاکانی سنە بە نێوەکانی خالد حوسەینی، نێعمەت نێعمەتی، فەرید لەتیفی، شەهلا نادر وەیسی، ئەکبەر گوڵابی، مەسعوود زەمانی، شەهرام بەخشەندە، یەدولـلا سەمەدی، عومەر شەعبانی، چیا روستەمی و پشتیوان حوسەینی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم بانگهێشت و دەستبەسەر کراون.

پێشتریش، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییانی کورد لە رێپێوانی رۆژی شەممە، لە لێدوانێک بۆ ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شوناسی دوو هاووڵاتیی دەستبەسەر کراوی سوهراب جەلالی ناسراو بە خاڵۆ سوهراب کە یەکێک لە کەسایەتییە ناسراو وخۆشەویستەکانی خەڵکی سنەیە و جەهانبەخش وەکیلی لە چالاکانی رێکخستنی کەمپی پشتیوانی لە کۆبانی و شەنگال، راگەیاندبوو.

هەروەها، ئیداەری ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران، سەباح حوسەینی ناسراو بە سەباح هەورامیی ئاگادار کردبوو کە رۆژی دووشەممە دەبێ لە ئیدارەی ئیتلاعات حازر بێت و ژمارەیەک لە دەستبەسەر کراوان هەتا ئێستا لە گرتنگەکانی رێژیم بەسەر دەبەن و لە چارەنووسی ئەوان هیچ هەواڵێک لە بەردەست نییە.