کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شوورای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان شەپۆلی ئیعدامی لە ئێران مەحکووم کرد

19:36 - 13 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: لە دووهەمین کۆبوونەوەی تاوتوێکردنی دەورەیی دۆخی مافی مرۆڤی ئێران لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ژنێڤ بەڕێوە چوو، شەپۆلی ئیعدام لە ئێران لەلایەن وڵاتانی بەشداربوو مەحکووم کرا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە دانیشتنی دەورەیی شوورای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ ١٠٨ وڵاتی جیهان دۆخی مافی مرۆڤیان لە ئێرانی لە ژێر دەسەڵاتی رێژیمی ئیسلامی تاوتوێ کرد و خوازیاری راوەستانی شەپۆلی لە سێدارەدان بوون.

فەرانسە، ئاڵمان، سویس لەو وڵاتانە بوون کە وێڕای مەحکووم کردنی شەپۆلی ئیعدام لە ئێران، رێوشوێنی گونجاویان لەو بوارەدا خستە پێشدەست.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە نوێنەری ئاڵمان، ئێعدام لە نێو جەماوەری لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە بە توندی مەحکووم کرد و خوازیاری قەدەغە کردنی ئیعدام لە ئێران بوو.

وڵاتی فەرانسەش لە دانیشتنی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ کە تێیدا دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران تاوتوێ کرا، داوای لە رێژیمی ئێران کرد کە رەوتی لە سێدارەدان لە وڵاتە رابگرێ.

هەروەها نوێنەری وڵاتی سویس لەم دانیشتنەدا نیگەرانیی خۆی لە بەرزبوونەوەی رێژەی ئیعدام لە ئێران دەربڕی و رێژیمی ئێرانی بەو بۆنەوە مەحکووم کرد.

ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، لە نوێترین راپۆرتی خۆی، سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ و زۆربوونی ئیعدام لە ئێران لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا نیگەرانیی دەربڕی بوو.

لە راپۆرتی ئەحمەد شەهید هاتووە، لە نێوان مانگی ژوئیەی ٢٠١٣ و ژوئەنی ٢٠١٤ی زایینی، لانیکەم ٨٥٢ کەس لە سێدارە دراون کە دەرخەری بەرزبوونەوەی رێژەی ئیعدامەکان تەنانەت لە بەراوردی ساڵی پێشوویە. زۆربەی ئەو کەسانە بە پێی پێواندنە نێونەتەوەییەکان تۆمەتی جیدییان لە سەر نەبووە و بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی و فەرهەنگی یا محاربە لە سێدارە دراون.

هەر لەم پێوەندییەدا و بە پشت بەستن بە ئاماری هەواڵدەریی کوردپا، ئەم ساڵ دوای هاتنە سەرکاری رۆحانیـه‌وە، ٨١٤ کەس لە سێدارە دراون کە بە بەراوردی رێژەی ٥٥٣ کەسیی ماوەی (گەلاوێژی ساڵی ١٣٩١ تا رێکەوتی ١٢ی ٥ی ١٣٩٢ هەتاوی) ٤٧ لە سەد بەرزبوونەوەی بە خۆوە بینیوە.

ئەمە لە حالێکدایە کە حەسەن رۆحانی بە دروشمی بەرگری لە مافی مرۆڤ و باشتر کردنی دۆخی مافی هاووڵاتیییان هاتە سەر کار.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە سەرنجدان بە سیستمی حکوومەتی رێژیمی ئێران، هەڵبژاردنی سەرکۆماریی رێژیمی ئێران لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی بایکوت کرد.