کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو سێناتۆری ئامریکایی: دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران تۆقێنەرە

16:05 - 17 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: دوو سێناتۆری کۆنگرەی ئامریکا لە بابەتێکدا رەخنەی توندیان لە بارودۆخی هەنووکەیی مافی مرۆڤ لە ئێران گرت.

بەپێی راپۆرتی دەنگی ئامریکا، مارک کرێک و مارکۆ روبیو، لە بابەتێکدا کە لە گوڤاری دیلی بیست بڵاو کراوەتەوە بە جەخت کردنەوە لە سەر دۆخی نالەباری مافی مرۆڤ لە ئێران و پێشێلکاریی مافی هاووڵاتییان لەلایەن رێژیمی دەسەڵاتدارەوە، دۆخی هەنووکەیی مافی مرۆڤیان لە ئێران تۆقێنەر وەسف کرد.

ئەم دوو سێناتۆرە ئامریکاییە لە درێژەدا رایانگەیاندووە کە دەوڵەتی ئامریکا دەبێت لە پێناو باشتربوونی مافی مرۆڤ لە ئێران زەخت بخاتە سەر رێژیمی ئێران و هەر بۆیەش پێویستە ئامریکا بە کردەوە رێگایەک بگرێتە بەر.

مارک کرێک و مارکو روبیو لە بابەتی خۆیاندا پێشێلکاریی سیستێماتیکی مافی مرۆڤ و سەرکوتی بەهاکانی خەڵکیان لەگەڵ بەرنامەکانی وەزی ناوکی و رووبەرو بوونەوە لەگەڵ پشتیوانی کردنی رێژیمی ئێران لە تیرۆریزمی دەوڵەتی هاوسەنگ لە قەڵەم داوە.

پێشتریش، بیست و سێ سێناتۆری کۆنگرەی ئامریکا، بە بڵاو کردنەوە نامەیەکی سەرئاوەڵا بۆ باراک ئوباما، سەرکۆماری ویلایەتی یەکگرتووەکان، سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ نیگەرانییان دەربڕیبوە.

مارک کرێک، سێناتۆری کۆماریخواز و ران وایدان سیناتوری دێموکرات لەگەڵ سیناتورێکی دیکە و هەروەها ١٥ ئەندامی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا لە دووتۆی نامەیەکی سەرئاوەڵادا داوایان کردبوو کە پرسی مافی مرۆڤ لە دانووستانەکانی وەزی‌ناوکی لەگەڵ رێژیمی ئێران بخرێتە بەرباس.

هەروەها ناوی پیلای، کۆمیسێری مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوولایەنی دانووستانەکانی وەزی ناوکی (رێژیمی ئێران و گرووپی ١+٥) داوای کرد کە لەم دەوری دانووستانەکاندا باس لە کێشەی مافی مرۆڤ لە ئێران وچارسەری ئەم کێشەیە بکەن.

تا ئێستا رێکخراوە و ناوەندە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ داواکاری گونجاندنی مافی مرۆڤ و پێشێلکاری مافی مرۆڤ لەلایەن رێژیمی ئێران لە دانوستانە ئەتۆمییەکان بوون.