کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە دانمارک یارمەتی بۆ ئاوارەکانی کۆبانی کۆکرایەوە

18:39 - 17 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: كۆمیتەی حیزبی دێموكرات لە دانمارک بۆ جاری دووهەم لە هەڵمەتی كۆكردنەوەی یارمەتی بۆ کۆبانی بەشداری کرد.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردییەكانی دانمارك لە كۆپێنھاگ و کۆمیتەی شیلەندی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، بۆ جاری دووھەم ھەڵمەتێكی كۆكردنەوەی ھاوكارییان بۆ كۆبانی دەستپێكرد.

لەو ھەڵمەتەدا كە بە بەشداریی ئەندامانی حیزب لە ناوچەی شیلەند بەرێوەچوو، ئەژمارێكی بەرچاوی جلوبەرگ، پەتوو و پێداویستیی ژیان كە لە لایەن رەوەندی كوردی لە دانمارك ئامادە كرابوون، كۆ كرایەوە.

بە پێی ئەم راپۆرتە، ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی حیزب بەشداری كۆكردنەوەی ئەو ھاوكاریانە بوون و ھەروەھا بەشێك لەو پێداویستییانە لە لایەن ئەندامانی حیزبەوە ئامادە كرابوون.

ھاوكارییەكان پاش كۆكردنەوە بە مەبەستی ناردن بۆ شاری كۆبانی رادەستی ناوەندی پەیوەندیدار كران.

پێشتریش، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی، کۆمیتە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی میت یوولاندی وڵاتی دانمارک وەک ئەرکێکی نیشتیمانی، لە هەوڵێکدا پێداویستیی وەرزی سەرمای بۆ ئاوارەکانی کۆبانی لە کوردستانی سووریە کۆکردبووەوە.