کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سنە/ کۆچی دوایی ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

15:14 - 20 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: عەبدولڕەحمان ئەحمەدی ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خەڵکی گوندی تەنگیسەر لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی عەبدولڕەحمان ئەحمەدی کوڕی عەلی ئەکبەر و خەڵکی گوندی تەنگیسەری ناوچەی ژاوەرۆی سنە بە هۆی نەخۆشیی شێرپەنجە لە تەمەنی ٥٩ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و تەرمی ناوبراو لە شارە دێی حەسەن ئاوای سەر بە شاری سنە لە نێو ئاپۆرای خەڵک بە خاک ئەسپێردرا.

کاک عەبدولڕەحمان لە دایکبووی ساڵی ١٣٣٢ی هەتاویە و لە ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی پەیوەندی بە تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە دەگرێت و وەکوو ئەندامێکی هەڵسوڕ و چالاک ئەرکی حیزبی بەڕێوە دەبات.

ناوبراو یەکێک لەو کەسانە بووە کە بەردەوام یارمەتیی کادر و پێشمەرگانی حیزبی دێموکراتی داوە و و مەئمووریەتە حیزبییەکانی بەو پەڕی دڵسۆزی بەڕێوە بردووە.

بنەماڵەی کاک عەبدولڕەحمان، بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەرن و برایەکی بە ناوی کەماڵ ئەحمەدی لە بەهاری ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی لە شەڕیکی قارەمانانەدا دژ بە داگیرکەرانی کوردستان شەهید کرا.

حیزبی دێموکراتی كوردستانی ئێران پرسه و سەرەخۆشیی له بنەماڵه و كەس‌ وكاری کاک عەبدولڕەحمان دەكات و خۆی بە شەریكی خەم و پەژارەیان دەزانێت.