کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە پاوە کۆچی دوایی کرد

18:43 - 20 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: مەجید بەگ هیدایەتی کۆڕی عەباس قولی بەگ شاعیر و ئەندامی دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی پاوە کۆچی دوایی کرد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەیانی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی مەجید بەگ هیدایەتی کوڕی عەباس قولی بەگ شاعیر و ئەندامی دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا بە هۆی نەخۆشی لە نەخۆشخانەی ئیمام حۆسێنی شاری کرماشان کۆچی دوایی کرد.

مەجید بەگ هیدایەتی ساڵی ١٣٠٩ی هەتاوی لە گوندی داریان سەر بە شاری پاوە چاوی بە دنیا هەڵێنا، لە ساڵی ١٣١٠ی هەتاوی باوکی مەجید بەگ کە لە بەگزادە خۆشناوەکانی ناوچەی هەورامان بووە هاوڕێ لەگەڵ کۆمەڵێکی‌تری بەگزادەکان کە دژ بە رێژیمی پاشایەتی جوولابوونەوە دەستبەسەر دەکرێت و هەتا ساڵی ١٣٢٠ لە زیندانەکانی دامغان و ئیسفەهان زیندانی دەکرێت.

مەجید بەگ هیدایەتی لە تەمەنی منداڵیدا لە خزمەت مامۆستایانێکی بە ناوبانگ وەک مەلا فەرەجۆڵڵای هیدایەتی، مەلا ئەحمەدی نۆدشی قۆرئانی پیرۆز خەتم دەکات و دواتر کتێبە شێعرەکانی مەلا خدری رواریش لەبەر دەکات و هەر لەو کاتەوە ئۆگری خولیای شیعر و ئەدەبی کوردی دەبێت.

چالاکییە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی لالۆ مەجید بەگی هیدایەتی لە ساڵی ١٣٣٢ی هەتاوی لە کاتی هەڵبژاردنی خانەی ئەسناف لە شاری پاوە دەست پێدەکات کە هەر لەو ساڵە بۆ ئەندامەتی خانەی ئەسناف هەڵدەبژێردرێت.

لە ساڵی ١٣٤٣ی هەتاوی پەیوەندی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە دەگرێت و لەو ساڵانەدا بە شێوەیەکی چالاک و هەڵسوڕ لە ناوچەی هەورامان ئەرکی حیزبی و نیشتیمان پەروەرانەکانی جێبەجێ دەکات.

پەیوەندی و چالاکیەکانی لالۆ مەجید هەرچەند بە هۆی بارودۆخی ئەوکاتی حیزب تووشی پچڕان دەبێت بەڵام دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی جارێکی تر پەیوەندی بە حیزبەوە دەگرێت و ئەمجارە وەک پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هێزی شاهۆ ژمارەی دوو سازمان دەدرێت و هەتا ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی لە ریزی پێشمەرگەکانی حدکا درێژە بە خەبات دەدات.

لالۆ مەجید دواتر بە هۆی دۆخی بنەماڵەکەی و لەسەر داوای حیزب دەگەڕێتەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆی لە گوندی داریان، بەڵام بەو حاڵەش پەیوەندی لەگەڵ حیزب بەردەوام دەبێت و وەکوو مرۆڤێکی جێگای بڕوا بۆ خەڵک و پێشمەرگە لە ناوچەکە دەناسرێ و وەکوو ئەندامێکی دڵسۆز و بە وەفای حیزب هەتا دوایین رۆژی ژیانی بە رێبازی دێموکرات وەفادار دەمێنێتەوە.

مەجید بەگ هیدایەتی لە ساڵی ١٣٣٢ی هەتاوی دەستی بە هۆنینەوە و نووسینی شیعر کردووە کە لەسەر ماندوو بوونی کۆمەڵێک لە هەڵسووڕاوانی فەرهەنگیی شاری پاوە و گوندی داریان لە ساڵی ١٣٩١ کۆمەڵە شیعری لالۆ مەجید لە ژێر ناوی دیوانی عەدەمی چاپ دەکرێت.

تەرمی لالۆ مەجید له نێو ئاپۆرای خەڵكی ناوچه كه و به بەشداری دەیان كەس له شاعیران و نوسەران له گوندی داریان به خاك سپێردرا.
حیزبی دێموكراتی كوردستانی پرسه و سه ره خۆشی خۆی له بنەماڵه و كەس وكاری لالۆ مەجید دەكات و خۆی به شەریكی خەمیان دەزانێت.