کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵی تووشبوونی زیندانییەکی سیاسیی کورد بە شێرپەنجە دوای چەند ساڵ چاوەڕوانی پێی راگەیەندرا

20:45 - 20 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی شاری میناب، دوای چەند ساڵ چاوەڕوانی بۆ ئیزنی ڤیزیتی پزیشک و چارەسەریی نەخۆشییەکەی، لەم دواییانە هەواڵی تووشبوونی بە شێرپه‌نجەی ریخۆڵە پێی راگەیەندراوە.
بەپێی راپۆرتی کەمپەینی بەرگری لە زیندانییانی سیاسی و مەدەنی، ئەفشین سۆهراب زادە زیندانی سیاسیی کورد، ٢٤ ساڵ تەمەن و خەڵکی کرماشان دوای چەندین ساڵ چاوەڕوانی بۆ دەرمانی نەخۆشییەکەی و نەدانی ئیزنی پزشکی لەلایەن بەرپرسانی زیندان، ئێستا تووشی نەخۆشیی شێرپەنجەی ریخۆڵە بووە.

بەپێی ئەو راپۆرتە، ئەفشین سۆهراب زادە ماوەی دوو ساڵە بە هۆی خوێن‌رێژیی میعدە، بەردەوام تووشی کێشەی جەستەیی بووە و هیچ کات چارەسەری پزشکی بۆ نەکراوە.

11365.jpg
ئەفشین سۆهراب‌زادە

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە دوای بەدوادوچوونێکی زۆر توانیویەتی سەبارەت بە ئازار و ئێشەکانی جەستەی، بە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی پزشکی لە نەخۆشییەکانی هەڵتاوینی (گوارشی) خۆی ئاگادار بێتەوە بەڵام سەرەرای ئەوەش بەرپرسانی زیندانی میناب لە ئاگادارکردنەوەی ئاکامی تاقیکردنەوەکان بەو زیندانییە، خۆیان بواردووە.

بەرپرسانی زیندانی میناب سەرەڕای ئاگاداربوون لە نەخۆشیی ئەو زیندانییە سیاسییەی کوردە، بۆ دەرمانی نەخۆشییەکەی هیچ هەڵوێستێکان نەگرتووە.

رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی ئەفشین سۆهراب زادە بە هۆی ئێش و ئازاری لە رادەبەدەری ریخۆڵە بێهۆش بووە و بە حاڵەتی بێهۆشی بۆ نەخۆشخانەی شاری میناب راگوێزراوە و بە وتەی پزشکانی پسپۆڕ، تووشی سەرەتانی ریخۆڵە بووە.

ئەفشین سۆهراب زادە تەمەن ٢٤ ساڵ بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی رێژیمی ئیسلامی لە لقی دووی دادگای ئینقلابی ئیسلامی شاری سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر مەستەفا تەیاری بە ٢٥ ساڵ زیندان و دوورخستنەوە مەحکووم کرا و هەنووکە لە حاڵی تێپەڕکردنی دەورانی مەحکوومیەتی دایە.