کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستبەسەرکران و راگواستنی بە کۆمەڵی چالاکانی عەرەبی ئەهوازی بۆ ئیدارەی ئیتلاعات

13:12 - 21 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئیسلامی بە کۆمەڵ چەندین کەس لە هاووڵاتییانی عەرەبی ئەهوازییان دەستبەسەر کرد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی هاووڵاتییانی عەرەبی دانیشتووی ناوچەی \'\'شکارە\'\'ی ئەهواز، دوای دەستبەسەربوونی بە کۆمەڵ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئێران بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات راگوێزران.

دەوترێت کە چەندین هاووڵاتیی عەرەب لە ناوچەی شکارەی ئەهواز لە ماڵی محەممەد تیماس سیلاوی لە کۆڕێکی وانەوتنەوەی قورئان و زمانی عەرەبی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئێران هێرشیان کراوەتە سەر و دەستبەسەر کراون.

هێزەکانی رێژیمی ئێران بە دروستکردنی فەزایەکی تۆقێنەر لە نێو ئەندامانی بنەماڵەی تیماس و بە شکاندنی دەگا و پەنجەرەکان چوونەتە ناو ماڵی ناوبراو.

کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی شوناسی هەندێک لەو کەسانەی کە دەستبەسەرکروان سید جاسم البوشوکە، امین ساعدی، محـمد ساعدی، حسن حزباوی، محمد سویسە، غضبان بیت صیاح، نصار سیلاوی، محـمد تیماس سیلاوی، نسار محـمد تیماس سیلاوی، عقیل ساعدی، ابو مسعود بدوی، حاچم ناسری، ابو امجد حیدری و ابو حورا حیدری راگەیاندووە.