کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی پیرانشار لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا

20:54 - 22 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئیسلامی، هاووڵاتییەکی کوردیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگواست.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێشەممە، رێکەوتی ٢٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی کەوپەڕ سەر بە پیرانشار لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئیسلامییەوە دەستبەسەر کرا.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم رووداە لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کەسایەتی ئەو هاووڵاتییە کوردەی بێستون پیرنیە کوڕی رەحمان راگەیاند و هەروەها وتی کە بێستون پاش دەستبەسەرکران لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا.

ئەو هاووڵاتییە رایگەیاند کە بنەماڵەی بێستون هیچ زانیارییەکیان لە چارەنووسی کوڕەکەیان لە بەر دەستدا نییە.

هەر لەو پێوەندییەدا، چەند رۆژ لەمەو پێش، سێ خوێندکاری کوردی پەیڕەوی ئایینی یارسان لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێرانەوە لە بەردەم زانکۆی رازیی کرماشان، دەستبەسەر کران.

لە ماوەی رابردوودا، شەپۆلی دەستبەسەر کردنی سەرەڕۆیانە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئیسلامی لە کوردستان دەستی پێکردووە و زۆربەی شارەکانی گرتووەتەوە.

بەپێی ئامارە بڵاو کراوەکان، لە ماوەی ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ٢٠٥ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

هەروەها لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا و پاش بەڕێوە بردنی خۆپیشاندان و پشتیوانیی شارەکانی کوردستان لە کۆبانێ، ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران سەدان هاووڵاتیی کوردی دەستبەسەر و بانگهێشت کردووە.