کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوپێکەوتنی نوێنەری حیزبی دێموکرات لە پارلمانی ئاڵمان

16:14 - 24 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پارلمانی ئاڵمان لەگەڵ یەکێک لە ئەندامانی فراکسیۆنی دێموکراتی مەسیحی چاوپێکەوتنی پێک هێنا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی، هیوا بەهرامی، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە پارلمانی ئاڵمان لەگەڵ فرانک هایریش ئەندامی پارلمانی ئاڵمان لە فراکسیۆنی دێموکراتی مەسیحی، چاوپێکەوتنی کرد.

لەم چاوپێکەوتنەدا بارودۆخی ئێستای ئێران و کوردستان خرایە بەرباس.

هیوا بەهرامی، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەم چاوپێکەوتنەدا لە پێوەندی لەگەڵ نالەبار بوونی بارودۆخی سیاسی ئێران پاش هاتنە سەرکاری حەسەن رۆحانی چەند باسێکی پێشکەش کرد.

بەهرامی لە قسەکانیدا ئاماژەی بە توندوتیژی دژی جیابیران و نەبوونی ئازادی سیاسی و ئازادی رادەربڕین و ئازادی کەسایەتی کرد و جەختی لە سەر جێبەجێ نەکرانی وادە و بەڵێنەکانی رۆحانی کردەوە.

نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لە سەر درێژە پێدانی شەپۆلی دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییان و ئەمنییەتی بوونی فەزای کوردستان و سەرکوتی هاووڵاتییان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکان کرد و وتی کە دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان دوای هاتنە سەرکاری رۆحانی نالەبارتر بووە.

قەیرانی ئێستای عێراق و سووریە و هەروەها رۆڵی رێژیمی ئێران لە پێکهێنانی ئەو قەیرانانە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین و وزەی ناوکی رێژیمی ئیسلامی لە بابەتەکانی‌تری ئەم دانیشتنە بوون.