کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانپێدانانی وەزیری ئیرشاد بە سەرکوتی لەرادەبەدەر لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی

19:53 - 25 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: عەلی جەننەتی، وەزیری ئیرشادی رێژیمی ئیسلامیی ئێران ئاماری ئیعدامەکانی لە ئێران سەرسووڕهێنەر وەسف کرد.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی ئیسنا وەزیری ئیرشادی ئیسلامیی ئێران دانی بە بەرز بوونەوەی ئاماری ئیعدامەکان لە ئێران هێنا.

لەو دان پێدانانەدا کە هەتا ئێستا بێ وێنە بووە ئەو بەرپرسەی رێژیمی ئیسلامی رایگەیاندووە کە ئاماری ئیعدام کراوەکان و ئەو کەسانە چاوەڕێی بەڕێوەچوونی حووکمی ئیعدامن سەرسووڕهێنەرە.

جەننەتی هەروەها دانی بە کردەوە سەرکوتگەرانەی رێژیم هێناوە.

هەتا ئێستا زۆربەی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و هەروەها رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرزبوونەوەی رێژەی ئیعدامەکان لە ئێران رەخنەیان گرتووە و جەختیان کردووەتەوە کە حووکمی ئیعدام رێ‌وشوێنی گونجاو بۆ چارەسەریی قەیرانەکانی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی نییە.

سەرەڕای داواکارییە نێودەوڵەتییەکان لە رێژیمی ئێران سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی سزای ئیعدامەکان، بەڵام ئیعدام لەو وڵاتە بەردەوام بەڕێوە دەچێت و بەپێی ئەو ئامارانەی لە بەر دەستدا هەیە رێژیمی ئێران دوای وڵاتی چین زیاترین ئاماری ئیعدامی هەیە.

بەپێی راپۆرتی شیکاری ــ ئاماریی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ٨١٤ حاڵەت سزای ئیعدام لە سەرەتای ساڵی یەکەمی هاتنە سەر کاری حەسەن رۆحانی (١٢ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی هەتا ١٢ی گەلاوێژی ١٣٩٣ی هەتاوی) بەڕێوە چووە کە بە بەراورد لەگەڵ ماوەی وێکچووی ساڵی پێش (١٢ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی هەتا ١٢ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٢ی) بە ٥٥٣ حالەت ئیعدام لە سەدا ٤٧ بەرز بووەتەوە.