کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی حیزبە کوردستانییەکان بۆ پشتیوانی لە کوردستانی سووریە

18:25 - 26 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: نوێنەرانی حیزبە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا پشتیوانی خۆیان لە کوردستانی سووریە دەربڕی.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی بەرانبەر بە (١٥ی نوامبری ٢٠١٤ی زایینی) نوێنەرانی زۆربەی حیزب‌ و لایەنە سیاسییەكانی هەر چوارپارچەی كوردستان لە لقی دووی پارتی دێموكراتی كوردستان لە شاری هەولێر کۆبوونەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا که تێیایدا محەمەد ساڵح قادری، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات بە نوێنەرایەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشدار بوو، لە پەیوەندی لەگەڵ دۆخی ئێستای کوردستان و بە تایبەت کوردستانی سووریە باس و راگۆڕینەوە کرا.

بەپێی ئەو راپۆرتە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی بەشداربوو، لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.

لە بەشێك لەو راگەیەندراوەدا هاتووە کە: ئێمە وەكوو حیزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان, جارێكی دیكە خەبات و بەرخودانی پێشمەرگە و شەڕڤانان لە باشوور و رۆژئاوای كوردستان بەرز دەنرخێنین و شەڕی هێزە هاوپەیمانەکان لە دژی داعش بە گرینگ دەزانین.

11415.jpg

لە بەشێکی دیکەی ئەو راگەیەندراوەدا سەرەڕای جەخت کردنەوە لەسەر یەکگرتوویی نەتەوەی کورد وەکوو گرینگترین چەک بۆ بەرگری لە کوردستان و ئیرادە و ورەی پێشمەرگەکان؛ سوپاسی تەواوی گەلی كورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان و كوردانی دانیشتووی ئورووپا لە دەرەوەی وڵات دەكەین كە بە چالاكی جۆاوجۆر و خۆپیشاندان کردەوەی تیرۆریستانیان شەرمەزاركرد و ئیرادەی پێشمەرگە و شەرڤانانیان بەرزكردەوە.

هەروەها لە راگەیەندروی حیزب و لایەن سیاسییەکانی بەشداربوو لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاری مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و پەسندکردنی لەلایەن پارلمانی كوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ ناردنی هێزی پێشمەرگە بەرز نرخێندرا.

لە بەشێکی دیکەی ئەو راگەیەندراوەدا هەوڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ رێکەوتنی دهۆک لە نێوان حیزبەکانی کوردستانی سووریە هەنگاوێکی گرینگ وەسف کراوە و داوا لە تەڤگەری جڤاكی دیموكرات ( TEV-DEM ) و ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سوریا (ENKS) دەكرێ کە بەجیدی بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی دهۆك کار بكەن، چوونکە بێگومان جێبەجێكردنی ئەم رێكەوتننامەیە دەبێتە فاكتەری سەركەوتنی نەتەوەی کورد لە رۆژئاوای كوردستان.

لەو پەیوەندییەدا، پێشتریش رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٣٠ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی سووریە لە سەر هاوسەرۆکایەتی و ئیدارەی هەرێمەکانی خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوا (غرب کردستان) رێکەوتن و بە بەشداریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەو رێکەتنەیان واژۆ کرد.