کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ هاووڵاتیی کورد سەرجەم بە٤٤ ساڵ زیندانی تەعزیری حوکم دران

19:33 - 27 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای کرماشان، سەپاندنی حوکمی ٤٤ ساڵ زیندانی تەعزیریی سێ هاووڵاتیی کوردی پشتڕاست کردەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، موحسێن خودابەندەلو خەڵکی سەحنە، کیانوش روستەمی و نێعمەت فەتحی خەڵکی کرماشان، سێ هاووڵاتیی کوردی یارسانی مەحکووم بە ٤٤ ساڵ زیندانی تەعزیری کران.

بەپێی ئەم راپۆرتە، لقی پازدەی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای کرماشان، حوکمی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەی پشتڕاست کردوە و هەنووکە ئەم سێ زیندانییە سیاسییە لە زیندانی دیزڵ‌ئابادی کرماشان حوکمەکەیان تێپەڕ دەکەن.

سەرماوەزی ١٣٩٢ی هەتاوی، لقی یەکی دادگای ئینقلابی رێژیم لە کرماشان، هەر یەک لە کیانوش روستەمی و موحسێن خودابەندەلوی بە تۆمەتی بانگەشەی دژی نیزام و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردیەکانی ئۆپۆزیسیۆنی رێژیم بە ١٥ ساڵ زیندان و جیا لەوەیش ئەو دوو کەسە بە تۆمەتی بێ‌حورمەتی بە رێبەری رێژیمی ئێران بە ٢ ساڵ زیندان حوکم دران.

کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی لەم پێوەندییەدا رایگەیاند کە هاووڵاتییەکی‌تر بە ناوی نێعمەت فەتحی بە تۆمەتی بانگەشەی دژی نیزام و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حێزبە سیاسییەکان بە ١٠ ساڵ زیندانی حوکم دراوە.

ئەم سێ هاووڵاتییە کوردەی پێڕەوی ئایینی یاری، رێکەوتی ٢٤ی جۆزرەدانی ١٣٩٢ی هەتاوی، لەگەڵ چەند کەسی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی دەستبەسەر کراوانی‌تری ئەو دۆسیەیە لە بەر دەست نییە.

هەر لەم پێوەندییەدا، چەند رۆژ لەمەوبەر، سێ خوێندکاری کوردی یارسانی بە نێوەکانی وەحید فرودی، جەهانگیر سەلیمی و سوبحان رەحیمی لەلایەن لیباس شەخسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێرانەوە لە بەردەم زانکۆی رازی کرماشان دوای ئەوەی بێ رێزییان پێکرا، دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزران.

هەروەها دوای ساڵێک لە تێکهەڵچوونی لاوێکی کوردی یارسانی بەنێوی کیومەرس عەزیزی لەگەڵ کەسێکی سەر بە رێژیمی ئیسلامی لە کرماشان، تا ئێستایش لە چارە نووسی ئەو لاوە کوردە دەست بەسەر کراوە، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، زەخت خستنەسەر هاووڵاتییانی کوردی یارسانی لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە توندتر بووە.