کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندانییەکی سیاسیی کورد دوای تێپەڕ کردنی ١٨ ساڵ زیندان، بە دانانی بارمتە مورەخەسیی وەرگرت

14:33 - 28 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: عومەر ئیمامی، زیندانییەکی سیاسی کورد مەحکووم بە زیندانی هەتاهەتایی، پاش تێپەڕ کردنی ١٨ ساڵ زیندان بە دانانی بارمتەی٢٥٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی مەرجدار مورەخەسیی پێدرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، عومەر ئیمامی، کوڕی حوسێن و خەڵکی گوندی کڵاش هوشی سەر بە جوانڕۆ کە لە ساڵی ١٣٧٥ دەستبەسەر و لەلایەن دادگای ئینقلابی رێژیمەوە زیندانی هەتاهەتایی بۆ بڕدرابووەوە، بۆ یەکەم جار مافی مورەخەسیی پێدرا.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە عومەر ئیمامی دوای تێپەڕ کردنی ١٨ ساڵ زیندان، پاش یەک مانگ لە گیان لەدەست دانی براکەی بۆ یەکەم جار بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ ملیۆن تمەنی بۆ ماوەی یەک حەفتە مورەخەسیی پێدراوە.

11423.jpg
عومەر ئیمامی

عومەر ئیمامی بە تۆمەتی ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی رێژیمی ئیسلامی، زیندانی هەتاهەتایی بۆ بڕاوەتەوە و لەگەڵ سێ زیندانی سیاسی دیکە بە نێوەکانی محەممەد مورادی، والی درودی و عەلی ساڵحی لە زیندانی ناوەندیی یەزد راگیراون و هەتا ئێستا مافی مورەخەسییان پێنەدرابوو.

هەروەها، عوسمان مستەفاپوو، زیندانی سیاسیی دیکەی کورد کە لە زیندانی ئورمیە دایە، پاش ٢٣ ساڵ زیندانی هەتا ئێستا لە مافی مورەخەسی بێبەش بووە.

عوسمان مستەفاپوور چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی پیرانشار لە ساڵی ١٣٧٠ بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی رێژیمی ئیسلامی دەستبەسەر و پاش چەند جار موحاکمە ٢٥ ساڵ زیندانی تەعزیریی بۆ بڕایەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، محەممەد نەزەری، زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج، ٢٠ ساڵ و ٦ مانگە لە زینداندا راگیراوە.

محەممەد نەزەری، زیندانی سیاسیی کورد خەڵکی سائین‌قەڵا رێکەوتی ٩ی جۆزەردانی ١٣٧٣ی هەتاوی لەلایەن مەئموورانی ئەمنییەتیی سپای ئەبوزەری بۆکان دەست بەسەر و لە مافی مەرەخەسی بێبەش بووە.

نەزەری بە تۆمەتی بانگەشە و لایەنگری بۆ یەکێک لە حیزبە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی رێژیمی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر و لە دادگا بە بێ بوونی وەکیل بە سەرۆکایەتی دادوەر جەلیل‌زادە، بەرپرسی دادگای ئینقلابی ئورمیە بە ئێعدام مەحکووم کراوە و پاشان لە ساڵی ١٣٧٨ی هەتاویدا حوکمەکەی بۆ زیندانیی هەتاهەتایی گۆردرا.

هەروەها، دوو زیندانیی سیاسیی دیکەی کوردیش بە ناوەکانی عومەر فەقێپوور و خالید فەرەیدونی خەڵکی مەهاباد زیاتر لە ١٧ سال بە بێ مەرەخەسی لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج ماوەی حوکەمەکەیان تێپەڕ دەکەن.

بەپێی راپۆرتەبڵاو کراوەکان، ئەم دوو زیندانییە سیاسییەش بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی رێژیم دەستبەسەر و حوکمی زیندانیی هەتاهەتاییان بۆ بڕاوەتەوە.