کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوپێکەوتنی حیزبی سوسیالیستی کوردستانی باکوور و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران

18:39 - 29 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: شاندی حیزبی سوسیالیستی کوردستانی باکوور سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی، شاندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستی مستەفا هیجری، سکرتێری گشتی حیزبی دێموکرات لە شاندی حیزبی سوسیالیستی کوردستانی باکوور پێشوازیی کرد.

مەسعوود تەک، سکرتێری گشتیی حیزبی سوسیالیستی کوردستانی باکوور و سەرپەرەستی شاندی ئەم حیزبە، ئامانجی ئەو چاوپێکەوتنەی باس کردن لەسەر ئاکامی کۆنگرەی حیزبی ماف و ئازادی، خستنەرووی روانگەی حیزبی سوسیالیست سەبارەت بە رووداوەکانی ئەم دواییانە لەمەڕ پرسە سیاسی و نەتەوەییەکان، دۆخی هەنووکەیی نەتەوەی کورد، پرۆسەی ئاشتی لە نێوان پ.ک.ک و دەوڵەتی تورکیە و کاریگەری هێرشی گرووپی تیرۆریستی داعش لە سەر بزووتنەوەی کوردستان ناو برد.

مەسعوود تەک وتی: ئێمە لەو باوەڕەداین کە لەم بارودۆخە هەستیارەدا، یەکیەتی و هەڵویستی هاوبەشی حیزبی سوسیالیستی کوردستانی باکوور و حیزبی ماف و ئازاد لە پێناو دەستەبەر کردنی ئامانجە سیاسی و نەتەوەییەکانی گەلی کورد لە باکوور پێویستییەکی مێژووییە.

سکرتێری گشتی حیزبی سوسیالیستی کوردستانی باکوور لە درێژەی قسەکانیدا، هەڵویست و تێڕوانینەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەمەڕ کوردستانی باکوور و هەروەها بەشداریی شاندی ئەو حیزبە لە کونگرەی حیزبی ماف و ئازادی بەرز نرخاند و پەیام و پێشنیارەکانی حیزبی دێموکراتی بە گرینگ لە قەڵەمدا.

مستەفا هیجری، سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و سەرپەرستی شاندی حیزبی دێموکرات لەم چاوپێکەوتنەدا، سپاسی قسە و باسەکانی مەسعوود تەک، هەستی بەرپرسایەتیی ئەو سەبارەت بە پرسە نەتەوەییەکان و هەروەها خوێندنەوەی لە هەڵویست و روانگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد و لەسەر درێژەی پەیوەندیی دۆستانەی هەر دوو حیزب جەختی کردەوە و هیوای سەرکەتنی بۆ حیزبی ماف و ئازادیلە پێناو بە ئەنجام گەیاندنی بڕیار و راسپاردەکانی کۆنگرەکەیان بە ئاوات خواست.