کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاشینی پەیکەری شێرە ژنانی کۆبانی بەدەستی هونەرمەندی ناسراوی کورد

19:55 - 29 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: هادی زیائەدینی، هونەرمەندی کورد، پەیکەرێکی وەکوو سەمبولی خۆڕاگریی ژنانی کوردی کۆبانی لە شاری سنە دروست کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هادی زیائەدینی، پەیکەرتاشی ناسراوی کوردی خەڵکی سنە، لە پێناو پشتیوانی و پاڵپشتی لە کۆبانی و بە تایبەت ژنانی خەباتگێڕی کورد، پەیکەری شێرەژنانی دروست کرد.

11441.jpg
هادی زیائەدینی، پەیکەرتاشی ناسراوی کورد

بەپێی ئەم راپۆرتە، هادی زیائەدینی لەم کارە نوێیەی خۆیدا، پەیکەری ژنێک و شێرێکی لە قەوارەیەکی یەک میتر و حەفتا سانتیمیتری بڕیوە کە بەم شێوەیە ئەوپەڕی خۆڕاگریی ژنانی خەباتگێری کوردی نواندووە.

هادی زیائەدینی، ساڵی ١٣٣٥ی هەتاوی لە سنە لەدایک بووە و ساڵی ١٣٥٦ی هەتاویدا چووەتە زانکۆی هونەرە جوانەکانی تاران و ساڵی رابردوو دوای دوو سال لێکۆڵینەوەی زانستی، پلەی دوکتورای پێشکەشکرا.

گەورەترین بەرهەمەکانی ئەو لە بواری پەیکەرتاشیدا پەیکەری ئازادی لە مەیدانی ئازادی سنە، مەولەوی کورد لە مەیدانی مەولەوی کوردی سنە (چوار رای سەفەری)، مامۆستا هێمن لە مەیدانی مامۆستا هێمنی مەهاباد، پەیکەری مامۆستا هەژار (عەبدالرەحمان شەرەفکەندی) لە مەهاباد، پەیکەری مەستورە ئەردەڵان لە شاری هەولێری هەرێمی کوردستان، پەیکەری شێخ مەحموود بەرزەنجی لە شاری سلێمانی، پەیکەری کارگەر و محەممەد ئەوراز لە شاری سنە و پەیکەری زیویە لە پارکی ئاویەری سنەیە.