کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی زیندانییانی سیاسیی کورد لە زیندانی ئورمیە

18:40 - 1 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: ٣٠ کەس لە زیندانییانی سیاسیی زیندانی ناوەندیی ئورمیە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە نالەباربوونی بارودۆخیان مانیان لە خواردن گرت.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی پێنجشەممە رێکەوەتی ٢٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی، لانیکەم ٣٠ کەس لە زیندانییانی سیاسیی کورد لە زیندانی ناوەندیی ئورمیە (دەریا) بەهۆی پێڕانەگەیشتن و کردار و هەڵسوکەوتی نامرۆڤانەی بەرپرسانی زیندان، مانیان لە خواردن گرتووە.

زیندانییانی سیاسیی تورکی بەندکراو لە زیندانی دەریا کە هەژماریان لەلایەن کەمپەینی بەرگری لە زیندانییانی سیاسی و مەدەنییەوە ٣٠ کەس راگەیەندراوە، بە رەوتی مانگرتنی زیندانییانی سیاسیی کورد پێوەست بوون.

زیندانییانی سیاسیی کوردی بەندی ١٢ی زیندانی دەریا، لە مانگرتنەکەی خۆیاندا خوازیاری گەڕاندنەوەی ٢٧ زیندانیی سیاسیی دیکە بوون کە لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە بۆ بەندەکانی دیکە راگوێزراون.

زەخت نەخستنە سەر زیندانییانی سیاسی لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە، موڵەتی ملاقات و کەڵک وەرگرتن لە تەلەفۆنی گشتیی زیندان لە ویستەکان دیکەی زیندانییانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندی ئورمیە‌یە.

هەتا ئێستا هیچ راپۆرتێک لە کۆتایی‌هاتنی مانگرتنی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ناوەندیی ئورمیە بڵاو نەکراوەتەوە و دوایین راپۆرتەکان باس لە درێژە‌ی مانگرتنی زیندانییانی سیاسی دەکەن.