کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

روودانی رۆژانە زیاتر لە ٦حاڵەتی تەڵاق لە پارێزگای سنە

20:33 - 1 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: روودانی تەڵاق لە پارێزگا کوردنشینەکانی ئێران لە حاڵی هەڵکشاندایە و پارێزگای سنە لە بواری ئاماری تەڵاقدا چوارەمین پارێزگای ئێرانە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئاماری تەڵاق لە ئێران بە گشتی و لە کوردستان بە تایبەتی لە بەرزبوونەوەدا بووە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی رێژیمی ئێران کە جێگری بەشی پێشگیری ئیدارەی بێهزیستیی سنە بڵاوی کردووەتەوە، لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا، یەک هزار و ٥٠٠ حاڵەتی تەڵاق لە پارێزگای سنە روویداوە.

هەروەها، ئامارەکان دەرخەری ئەوەن کە ئاماری هاوسەرگیری هاوکات لەگەڵ زۆر بوونی تەڵاق، کەم بووەتەوە.

ئاماری سەردانی بنەماڵەکان لە دادگاکانی بنەماڵەش نیشان دەدەن کە رۆژانە ١٧ تا ٢١ دۆسیەی پێوەندیدار بە تەڵاق لە سنە دەچنە دادگاکانی رێژیم.

ئاماری تەڵاق پێشتریش لەلایەن ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسیەتی سنەوە بلاوکرابووەوە کە باس لە روودانی زیاتر لە دوو هەزار تەڵاق لە ماوەی ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵی کردبوو.

هەر لەم پێوەندییەدا، لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ئاماری تەڵاق لە پارێزگای ئورمیە رووی لە هەڵکشان بووە.

بەپشت بەستن بە ئاماری ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسیەتیی رێژیمی ئێران، لە هەر ٦ حاڵەت هاوسەرگیری لە پارێزگای ئورمیە ، یەک حاڵەت بە تەڵاق کۆتایی پێ دێت.

بەپێی ئامارەکان لە پارێزگای کرماشان لە بەرانبەر هەر چوار حاڵەت هاوسەرگیری یەک حاڵەت تەڵاق تۆمار دەکرێت.

پێشتریش هەواڵدەری ئیسنا لە زاری وەزیری دادگوستەری ئێران لە بوونی ١٤ میلیۆن دۆسیەی تەڵاق لە دادگاکانی ئێران هەواڵی بڵاو کردەوە.

لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ١٩ هەزار و ٤٤٧ حاڵەت هاوسەرگیری و ٣ هەزار و ٤٤٠ حاڵەت تەڵاق تۆمار کراوە.

ئاماری هاوسەرگیری لەم ماوەیەدا، نسبەت بە ساڵی رابردوو، لە سەدا ٣،٨ کەم و ئاماری تەڵاق لە سەدا ١٣،١ بەرز بووەتەوە.

کارناسانی کۆمەڵناسی، تووشبوون بە ماددە سڕکەرەکان، دەستێوەردانی دەرەکی، توند و تیژی، بەد گومانی بە هاوسەر، نەبوونی داهات، نەخۆشی و کێشەی رەوانی، هاوسەرگیری ئیجباری، بێکاری، کێشەی کولتووری و کێشەی سێکسی لە سەرەکیترین هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی تەڵاق دەزانن.