کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپرسیی ناوەندی دەنگ و رەنگی مەهاباد، مانگرتنی هاووڵاتییانی لێ دەکەوێتەوە

21:05 - 1 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: راپرسیی ناوەندی دەنگ و رەنگی مەهاباد، ئامانجدار وەسف کرا و هەڕەشەی مانگرتنی گشتیی لەلایەن لاوانی مەهابادەوە کرا.
بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی یەکی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، لاوانی مەهاباد بە نیسبەت راپرسیی ناوەندیی دەنگ و رەنگی مەهاباد، هوشداریی توندیان دایە ئەو ناوەندە.

یەکێک لە لاوانی شاری مەهاباد بە نیسبەت راپرسیی ناوەندیی دەنگ و رەنگی ئەو شارە بە هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند کە ئێمە لاوانی مەهاباد یەک شەو کات دەدەین بە ناوەندی دەنگ و رەنگی مەهاباد کە روون کردنەوە و داوای لێبواردنی خۆی سەبارەت بەو راپرسییە دەرببڕێت\'\'.

راپۆرتی گەییشتوو لە شاری مەهابادەوە باس لەوە دەکات کە راپرسی ناوەندی دەنگ و رەنگی مەهاباد سەبارەت بە حەسەن زیرەک و بەراوردکردنی ئەو هۆنەرمەندە نەتەوەییە لەگەڵ دوو گۆرانیبێژی فارس بووەتە هۆی کۆمەڵیک ناخۆشی و دڵ‌ئێشانی هاووڵاتییانی کورد بە گشتی و خەڵکی شاری بۆکان بە تایبەتی.

لاوانی مەهاباد رایانگەیاندووە کە لە ئەگەری وڵام‌نەدانەوەی بەرپرسانی ناوەندی دەنگ و رەنگی مەهاباد و خۆبواردن لە داوای لێبوردن لە خەڵکی کورد لەلایەن ئەو ناوەندەوە، هاووڵاتییانی شاری مەهاباد مان دەگرن.

بڕیار وایە کاتژمێر ٤ی پاش نیوەڕۆی سبەی یەکشەممە رێکەوتی ٢ی سەرماوەز خەڵکی مەهاباد لە پارکینگی تەنیشت باخی میکائیل کۆ ببنەوە و بە بەرز کردنەوەی وێنەی مامۆستا حەسەن زیرەک مان بگرن.

11455.jpg

چەند شەو لەمەوبەر، ناوەندی دەنگ و رەنگی مەهاباد بەرنامەیەکی راپرسیی گشتی بڵاو کردەوە.

ئەو راپرسییە کێبڕکێیەک بوو بە هەڵبژاردن لە نێوان مامۆستا حەسەن زیرەک و دوو گۆرانیبێژی فارس‌زمان کە لەلایەن هاووڵاتییانەوە مەبەست لەو بەرنامەیە شێواندنی نێو ماڵی کورد و چاندنی تۆوی دووبەرەکێ و ئاژاوە لە نێو کۆمەڵانی خەڵک راگەیەندراوە.

بە پێی ئەو زانیاریانە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراونەتەوە، تەنیا ١٠٠ کەس لەو راپرسییە بەشدارییان کردووە.

رێژیمی ئێران هەموو کاتێک بە شێوەگەلی جۆراجۆر لەلایەن ناوەندە جۆراوجۆرەکانیەوە لە هەوڵی دووبەرەکێ نانەوە و دروست‌کردنی ئاژاوە لە کوردستان بووە.