کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێکخراوی نێودەوڵەتیی موخابرات سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی پارازیت هوشداری دا

13:07 - 2 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: رێکخراوی نێودەوڵەتیی موخابرات سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڕیارنامەیەکدا سەبارەت بە هەناردن و بڵاوکردنەوەی پارازیت لەلایەن دەوڵەتانێک وەک رێژیمی ئێران، دژکردەوەی نیشان دا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکخراوی نێودەوڵەتیی موخابرات(ITU) کە سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە، لە نوێترین کۆنفرانسی خۆیدا کە لە مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی لە شاری بوسانی کورەی باشوور بە بەشداریی نوێنەرانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەچوو، بڕیارنامەی هوشداری پەسەند کرد.

(ITU) لە بڕیارنامەکەدا تەواوی ئەندامانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەرکدار کردووە بۆ لە بەر چاو گرتنی بەربەستەکانی تکنیکی و ئیستانداردە دیاریکراوەکان بۆ بڵاوکردنەوەی شەپۆلی ئیلکترۆ مێغناتیسی.

یەکگرتوویی پێوەندییەکانی نێودەوڵەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی (ITU)، پێشتریش داوای لە ئێران کردبوو کە بە هەناردنی پارازیت بۆ سەر ماهوارە دەرەکییەکان کە دژی یاسای نێودەوڵەتییە، کۆتایی بێنێت.

ئەم رێکخراوە بڵاوکردنەوەی شەپۆلی پارازیت لەلایەن ئێرانەوە بە ئەنقەست و دژی یاسا نێودەوڵەتییەکان دادەنێت و خوازیاری راگرتنی بڵاو کردنەوەی شەپۆلەکانی پارازیت بووە.

رێژیمی ئێران سەرەڕای هوشدارە نێودەوڵەتییەکان و دان‌پێدانانی بەرپرسانی رێژیم بۆ دەرئەنجامە زیانبارەکانی پارازیت، هەروا بە هەناردنی پارازیت درێژە دەدات.

رێژیمی ئێران لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە پێناو رێگری لە دەست پێراگەیشتنی هاووڵاتییان بە راگەیاندنی دەرەکی، دەستی بە کۆکردنەوەی ماهوارەکان و هەناردنی پارازیت کردووە.

کەڕ بوونی یەکجاری، نەخۆشیی پێستی، شێرپەنجە و لەبارچوونی منداڵ لە دەرئەنجامە زیانبارەکانی شەپۆلی پارازیت بە سەر سڵامەتی کۆمەڵگەدایە.