کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری ئیتلاعاتی ئیسرائیل: بۆ بەرگری لە وڵاتەکەمان لە بەرانبەر هەڕەشەی رێژیمی ئێران بژاردەی نیزامی بەکار دێنین

15:16 - 2 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: چەند رۆژ پێش کۆتایی هاتنی دانوستانەکانی ڤییەن، وەزیری ئیتلاعاتی ئیسرائیل جەختی لە سەر بەکار بردنی شیوەی نیزامی بۆ بەرگری کردن لەو وڵاتە لە بەرانبەر هەڕەشەی ئێران کرد.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی فەڕانسە، یۆواڵ ئیستینیتیز، وەزیری ئیتلاعات و کاروباری ستراتیژیکی ئیسرائیل، لە پێناو ئەوەی کە لەلایەن کارناسانی سیاسییەوە زەخت خستنە‌سەر گرووپی دانوستانەکانی رۆژئاوا بۆ رێگری لە رێکەوتنێکی نابەجێ لەگەڵ رێژیمی ئێران لە قەڵەم دەدرێ، رایگەیاند، بژاردەی شێوەی نیزامی لەلایەن وڵاتەکەیەوە لە بەرانبەر هەڕەشەی رێژیمی ئیسلامی وەک خۆی ماوەتەوە.

چەند مانگی پێشتریش، بنیامین نتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و موشە یەعلون، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، دەستوریان بە ئەرتەشی وڵاتەکەیان دابوو کە بوودجەیەک بە بڕی ٣ میلیارد دولار بۆ ئامادەبوون لەمەڕ ئەگەری هێرش کردنە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران پاشکەوت بکەن.

وەزیری ئیتلاعات و کاروباری ستراتیژیکی ئیسرائیل سەبارەت بە رێکەوتنی خراپ هوشداری دا و رایگەیاندووە کە دەبێ تەنیا لە ئەگەری روونکردنەوەی ناوەرۆکی ئاشتیخوازانە بوونی بەرنامەی ناوکیی رێژیمی ئێران، گەمارۆکانی سەر ئەو رێژیمە لاببردرێن.

لە حاڵێکدا کە شەشەمین رۆژی دانوستانە ناوکییەکان لە حاڵی بەڕێوەچووندایە، هەندێک لە دیپلۆماتە رۆژئاواییەکان باسیان لە بەرەوپێش نەچوونی دانوستانەکان کردووە.

زۆربەی کارناسانی سیاسی، رێکەوتنی ناوکی لەگەڵ رێژیمی ئێران بەدوور دەزانن و تەنیا ئامانجی رێژیمی ئێرانیان لە درێژەپێدانی دانوستانە ناوکییەکان، کڕینی کات راگەیاندووە.