کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوودان و رێژیمی ئێران تەنیا دژبەرانی بڕیارنامەی (UNHRC) لەسەر قەدەغەکرانی هاوسەرگیریی منداڵان

16:03 - 2 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: بڕیارنامەی قەدەغەکردنی هاوسەرگیریی منداڵان لە کومیتەی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرەڕای دژایەتیی رێژیمی ئیسلامیی ئێران پەسند کرا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی هەینی رێکەوتی ٣٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی، کومیتەی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان (UNHRC) لە بڕیارنامەیەکدا کە تەنیا دژبەرانی ئەو بڕیارنامەیە رێژیمی ئێران و سوودان بوون، رایگەیاندووە کە لەمە بەدواوە هیچ جۆرە پاساوێکی فەرهەنگی و عورفی بۆ شووکردنی منداڵانی ژێر تەمەن ١٨ ساڵ قەبووڵ ناکرێت.

11460.jpg

بڕیارنامەی (UNHRC) سەرجەم وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان پابەند بەو بڕیارە و داڕشتنی یاسای پەیوەندیداردەکات.
لە ئێستادا زیاتر لە ٧٠٠ میلیون ژن لە سەرتاسەری جیهاندا لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵ شوویان کردووە و لەو ژمارەیەش لانیکەم ٢٥٠ میلیون کەس لە کاتی شووکردن خوار ١٥ تەمەنیان هەبووە.

بەپێی سەرژمێری نفووس و مەسکەن لە ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوی، ٨٤٨ هەزار منداڵی ئێرانی تەمەن ١٠ هەتا ١٨ ساڵ خێزاندار بوون.

ئامارە نافەرمییەکان دەرخەری ئەوەن کە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئاماری شووکردنی منداڵان لە ئێران دوو قات زیادی کردووە.

بەپێی نوێترین ئاماری فەرمی کە لەلایەن رێکخراوی تۆمارکردنی باری کەسێتی رێژیمەوە بڵاو کراوەتەوە، لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی زیاتر لە سەدا ٥ی ئەو ژنانەی شوویان کردووە، خوارەوەی ١٥ ساڵ تەمەنیان هەبووە.

11461.jpg

لەو پەیوەندییەدا، حاڵەتەکانی پێشێلکاری مافی ژنان لە کۆبوونەوەکانی شورای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە تایبەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران بەڕێوەچوو، زۆرترین باسی لە سەر کرا.

هەشت وڵاتی ئاڵمان، ئیتالیا، ئیسرائیل، ئێسلۆونی، سیرالێئون، لەهستان، کورەی باشوور و مونتە نێگرۆ لە وڵاتانە بوون کە سەرەڕای رەخنە لە رێژیمی ئێران لە بواری شووکردنی کچان لەو کۆبوونەوەیەدا پێشنیاریان بە رێژیمی ئیسلامیی ئێران کرد کە پێداچوونەوە بە یاسای پەیوەندیدار بە شووکردنی ئیجباری لەو وڵاتە بکات.