کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوکاریی نیزامیی هەرێمی کوردستان و تورکیە

19:11 - 2 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: دەوڵەتی تورکیەش پەیوەست بوو بەو وڵاتانەی کە لە باری نیزامییەوە دەبنە پاڵپشتی هەرێمی کوردستان و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەکەن.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، یەکێک لە بەرپرسانی پایەبەرزی دەوڵەتی تورکیە رایگەیاند کە هێزە نیزامییەکانی تورکیە راهێنان و مەشقی نیزامی بە هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەکەن.

ئەو راهێنانە هاوتەریب لەگەڵ چەندین وڵاتی ئورووپایی و هەروەها ئامریکا بە هیزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەکرێ بۆ بەرز کردنەوەی ئاستی هێز و توانای بەرەنگاربوونەوەی دژی گرووپی تێرۆریستی داعش.

دەوترێت کە تورکیە راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانی دەست پێکردووە و ئەو هەواڵەش لەلایەن وتەبێژی هێزەکانی پێشمەرگە پشت‌راست کراوەتەوە.

پێشتریش دەوڵەتی تورکیە رێگای بە هەناردنی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بۆ کۆبانی لە رێگای خاکی ئەو وڵاتەوە دابوو.

ئەحمەد داوود ئوغڵو، سەرۆک وەزیرانی تورکیە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان رۆژی هەینی رێکەوتی ٣٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی پاڵپشتیی ئەمنییەتی هەرێمی کوردستان دەکات.

هەروەها پێشتریش وەزارەتی بەرگریی ئامریکا رایگەیاندبوو کە راهێنان بە ٣ تیپی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەکات و ژمارەیەک لە هێزە نیزامییەکانی خۆی بۆ راهێنانی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رەوانە کردبوو.

هەروەها دوای بەربڵاوتربوونی هێرشەکانی داعش بۆ سەر کوردستان، وڵاتی ئاڵمان سەرەڕای یارمەتییە نیزامییەکانی بە هەرێمی کوردستان، راهێنانی بە هێزەکانی پێشمەرگە کردبوو.

دەوڵەتی ئاڵمان بۆ یەکەم جار بوو کە لە ناو وڵاتی خۆی، راهێنانی بە هێزی نیزامیی بیانی دەکرد.

بەپێی راپۆرتە بڵاوکراوەکان، ٣٠ پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بۆ راهێنانی نیزامی بۆ وڵاتی ئاڵمان بەڕێ کرابوون و لە بواری بەکارهێنانی موشەکی دژە تانک و ئاشپەزخانەی سەیار لەلایەن هێزە نیزامییەکانی ئەو وڵاتە راهێنانیان پێ‌کرا.

لەو پەیوەندییەدا دانمارک ٣٠ سەربازی ئەرتەشی ئەو وڵاتەی بۆ هاوەکاری و راهێنانی نیزامی رەوانەی هەرێمی کوردستان کردبوو.