کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی سیناتورە نوێیەکانی کۆنگرەی ئامریکا/ رێژیمی ئێران گەورەترین پشتیوانی تیرۆریزمە

13:11 - 3 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: یازدە کەس لە سیناتورە نوێیەکانی کۆماریخوازی ئامریکا، رێژیمی ئێرانیان بە گەورەترین پشتیوانی تیرۆریزم لە جیهان ناساند و لە بەیاننامەیەک سەبارەت بە رێکەوتنی خراپ لەگەڵ رێژیمی ئێران بە سەرکۆمار ئوباما هوشداریان داوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، چەند رۆژ پێش کۆتایی هاتنی دانوستانە ناوکییەکانی رێژیمی ئیسلامی و ١+٥، هەندێک لە سیناتورە کۆماریخوازەکان کە لە هەڵبژاردنی ئەم دوواییانەی وڵاتی ئامریکا وەک ئەندامی کۆنگرەی ئەو وڵاتە هەڵبژێردراون، لە بەیاننامەیەکدا خوازیاری بەتەواوەتی لابردنی بەرنامەی ناوکیی رێژیمی ئێران بوون.

لە بەشێکی دیکەی ئەم بەیاننامەیەدا کە لەلایەن ١١ کەس لە سیناتورە نوێیەکانی حیزبی کۆماریخواز لە کۆنگرەی ئامریکا بڵاو کراوەتەوە، سەبارەت بە رێکەوتنی خراپی دەوڵەتی ئوباما لەگەڵ رێژیمی ئێران هوشداریان داوە و جەختیان لە سەر لابردنی هەر جۆر رێکەوتنی ناوکیی و داخرانی تەواوی بەرنامەی ناوکیی رێژیمی ئێران کردووە.

یازدە کەس لە سیناتورە کۆماریخوازەکان لە بەیاننامەکەدا جەتییان کردووە کە رێژیمی ئێران گەورەترین پشتیوانی تیرۆریزم لە جیهان دایە و ئەو رێژیمە لەو دانیشتنەدا مەبەستی باشی نییە.

 هەر لەم پێوەندییەدا، یۆواڵ ئیستینیتیز، وەزیری ئیتلاعات و کاروباری ستراتیژیکی ئیسرائیل، لە پێناو ئەوەی کە لەلایەن کارناسانی سیاسییەوە زەخت خستنە‌سەر گرووپی دانوستانەکانی رۆژئاوا بۆ رێگری لە رێکەوتنێکی نابەجێ لەگەڵ رێژیمی ئێران لە قەڵەم دەدرێ، رایگەیاند، بژاردەی شێوەی نیزامی لەلایەن وڵاتەکەیەوە لە بەرانبەر هەڕەشەی رێژیمی ئیسلامی وەک خۆی ماوەتەوە.

هەوڵی وڵاتانی رۆژئاوایی بۆ بەدەستهێنانی رێکەوتنی لە حاڵێکدایە کە هێشتا لە نێوان هێڵی سووری دیاری کراو لەلایەن رێژیمی ئێران بۆ گرووپی دانوستانکار و داواکاریی کۆمەڵگای جیهانی لەو رێژیمی مەودایەکی زۆر هەیە.
چەند رۆژ پێش لە دەستپێکی خولی کۆتایی دانوستانەکانی ناوکیی ڤییەن، باراک ئوباما سەرکۆماری ئامریکا جەختی لە سەر دوور بوونی هەڵوێستی رێژیمی ئێران و ئامریکا لە دانوستانەکەنی ناوکی کرد و لە بە دەست هێنانی رێکەوتن لە دانوستانەکان و کۆتایی هێنان بە ناکۆکییەکانی نێوان رێژیمی ئێران و گرووپی ١+٥ لە پێوەندی لەگەڵ پرسی ئەتومی، نیگەرانی دەربڕیوە و رایگەیاندووە: هێشتا کەلێنێکی گەورە هەیە. لەوانەیە بە ئاکام نەگەین.