کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جان کێری: کەلێنه جیدییەکان لە دانوستانی ناوکی وەک خۆی ماوەتەوە

13:17 - 3 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: جان کێری، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا رایگەیاندووە کە کەلێنه جیدییەکان لە دانوستانی ناوکی لەگەڵ رێژیمی ئێران وەک خۆی ماوەتەوە.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی ئاسۆشێتدپرێس رۆژی شەممە رێکەوتی ١ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی لە ماوەی دوو رۆژ تا کۆتایی کاتی دیاریکراوی دانوستانە ناوکییەکان، جان کێری، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا رایگەیاند کە بۆشایی جیدیی لە دانوستانە ناوکییەکانی بەینی دوو لایەنی دانوستانکار وەک خۆی ماوەتەوە.

وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا لە وتەکانی خۆیدا هەروەها رایگەیاند کە لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئیمارات، بەحرەین، قەتەر، کانادا و تورکیە لە پەیوەندی لەگەڵ بەرنامەی ناوکیی رێژیمی ئێران لە رێگای تەلەفوون قسەی کردووە.

هەروەها لە هەمان رۆژدا فرانک واڵتر ئێشتاین مایر، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئاڵمان رایگەیاندووە کە دورەدیمەنی دەستپێڕاگەیشتن بە رێکەوتنی کۆتایی لە دانوستانە ناوکییەکان بە تەواوی ناڕوونە.

هەر لەو پەیوەندییەدا یازدە کەس لە سێناتۆرە کۆماریخوازەکانی ئامریکا رێژیمی ئێران بە گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزمی لە جیهان دەزانن و لە راگەیەندراوێکدا سەربارەت بە رێکەوتنی خراپ لەگەڵ رێژیمی ئێران هۆشداریان بە ئۆباما داوە و خوازیاری ئەوە بوونە کە هەموو دامەزراوە ناوکییەکانی رێژیمی ئێران لە ناو ببردرێت.