کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی زیندانییانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندیی ئورمیە درێژەی هەیە

20:15 - 3 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: مانگرتنی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ئورمیە سەرەڕای هەڕەشەی بەرپرسانی زیندان، ماوەی پێنج رۆژە هەروا بەردەوامە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمڕۆ دووشەممە ٣ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، مانگرتن لە خواردنی لانیکەم ٣٠ کەس لە زیندانییانی سیاسیی کورد لە زیندانی ناوەندیی ئورمیە (دەریا) کە بۆ دربڕینی ناڕەزایەتی سەبارەت بە نالەباربوونی بارودۆخیان ئەو هەوڵەیان دابوو، بۆ پێنجەمین رۆژ درێژەی پێدرا.

زیندانییانی سیاسیی کوردی بەندی ١٢ی زیندانی دەریا بۆ دەربڕینی نارەزایەتی سەبارەت بە نالەباربوونی بارودۆخیان و هەروەها زەخت خستنە سەر زیندانییانی سیاسی لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە لە رێگەی پێنەدانی موڵەتی مولاقات و ئیزن پێنەدان بۆ کەڵک وەرگرتن لە تەلەفونی گشتی زیندان و گواستنەوەی زیندانییانی سیاسی بۆ لای زیندانییانی تاوانبار بە تاوانە گشتی و تایبەتەکان وەک کوشتن، دزی، چەقۆکێشی... دەستیان بە مانگرتن کردبوو، دوای بەڵێنی بەرپرسانی زیندانیش، لە مانگرتن دەستییان هەڵنەگرتووە .

دوای لە دەستپێکی مانگرتنی زیندانییانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندیی ئورمیە لە رۆژی پێنجشەممە، رێکەوتی ٢٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی، بەرپرسانی زیندان چەند جار بە زیندانییانی سیاسی سەبارەت بە پێڕاگەیشتن بە کێشە و گرفتی ناو زیندان بەڵێنییان داوە، بەڵام پاش درێژەدانی مانگرتنی زیندانییان، بەرپرسانی زیندان دەستییان بە هەڕەشەی جۆراوجۆر وەک بەرزکردنەوەی رێژەی زیندانییانی ناو بەندەکان کردووە.

راگرتنی رەوتی زەخت خستنە سەر زیندانییانی سیاسی لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە، پێدانی مۆڵەتی مولاقات و کەڵک وەرگرتن لە تەلەفونی گشتی زیندان و جیا کردنەوەی زینندانییانی سیاسی لەگەڵ تاوانبارانی تاوانە گشتی و تایبەتەکان لە ویستەکانی دیکەی زیندانییانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندی ئورمیەیە.