کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سێهەمین کۆبوونەوەی واژۆکەرانی ژنێڤاکاڵ GC

14:35 - 4 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکرات لە سێهەمین کۆبوونەوەی واژۆکەرانی ژنێڤاکاڵ کە رێکخراوەیەکی دژ بە توندوتیژی خەڵکی مەدەنیە، بەشداری کرد.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ٢٦ هەتا ٢٩ی مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی سێهەمین کۆبوونەوەی واژۆکەرانی ژێنڤاکاڵ لە شاری ژنێڤ لە وڵاتی سویس، پێک هات.

شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستی دوکتور میرۆ عەلیار ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزب، لەو کۆبوونەوەدا بەشداریی کرد.

ئێوارەی رێکەوتی ٢٦ی مانگی خەزەڵوەر، کۆبوونەوەکە لەلایەن نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی سویس و بەرپەرستی گشتیی ژنێڤاکاڵ کرایەوە.

هەروەها باسێک سەبارەت بە گرینگی پابەندبوون بە رێکەوتنامەکانی ژنێفاکاڵ و رۆڵی ژنێڤاکاڵ لە پاراستنی مافی خەڵکی مەدەنی لەو ناوچانەی جیهان کە شەڕیان تێدا لە ئارادایە، پێشکەش کرا.

رۆژی دووهەمی کۆبوونەوەکە بە پانێلێک لە ژێر ناویبەرەو پاراستنی باشتری خەڵکی مەدەنی و جێبەجێ‌کردنی نۆرمە نێودەوڵەتییە مرۆڤدۆستانەکان بەڕێوەچوو.

ئەم پانێلە لەسەر ئەم پرسانە بەڕێوە چوو:

ـ پێداچوونەوە بە هەنگاوەکانی واژۆکەران بۆ جێبەجێ‌کردنی نۆرمەکانی یاسای جیهانیی مرۆڤدۆستی و یاسای نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ لە پەیوەندی لەگەڵ گرووپە چەکدارە غەیرە دەوڵەتییەکان.

ـ تاوتوێکردنی ئەو کێشانە کە لە کاتی بەڕێوەچوونی ئەرکەکان بەرەوڕووی واژۆکەران بووەتەوە و باس کردنی ئەو هەنگاوانە کە بۆ چارەسەکردنی ئەم کێشانە هەڵگیراون.

ـ تاوتوێکردنی ئەو رۆلە کە ژنێفاکاڵ دەتوانێ بۆ پشتیوانی کردن لە یاسای جیهانیی مرۆڤدۆستی و یاسای نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ لە پەیوەندی لەگەڵ گرووپە چەکدارە غەیرە دەوڵەتییەکان، بگێڕێ.

کۆبوونەوەکە بە وتارێک لەلایەن مایکڵ ڤیوتە نوێنەری ئەنیستیتۆی نێودەوڵەتیی یاسای مرۆڤدۆستی دەستی پێکرد.

دوای وتاری ناوبراو، پرۆفسۆر مارکۆ ساسۆلی لە زانکۆی ژنێڤ وتارێکی لەسەر یاسای جیهانیی مرۆڤدۆستی و یاسای نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ لە پەیوەندی لەگەڵ گرووپە چەکدارە غەیرە دەوڵەتییەکان پێشکەش کرد.

پاشان جۆناتان سۆمەر وتارێکی لەسەر ئەو هەنگاوانەی کە تا ئێستا واژۆکەرانی ژنێفاکاڵ بۆ جێبەجێ‌کردنی بنەماکانی یاسای جیهانیی مرۆڤدۆستی و یاسای نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە گرووپە چەکدارە غەیرە دەوڵەتییەکان هەڵیانگرتووە، پێشکەش کرد.

دواتر، نوێنەری چەند حیزب و لایەنی بەشداربوو وتاریان پێشکەش کرد، د.میرۆ عەلیار ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات یەکێک لەو کەسانە بوو کە لەو کۆبوونەوەیەدا وتارێکی پێشکەش کرد.

د.عەلیار لە بەشێک لە قسەکانیدا وتی: سەرەتا پێویستە ئاماژە بکەم کە زیاتر لە ١٠ میلیون کورد لە ئێران لەژێر حاکمییەتی رێژیمی ئیسلامیدا لە هەموو مافە سیاسی، مرۆیی، کولتووری و تەنانەت خوێندن بەزمانی زگماکی، بێبەشن.

ئەم ئەندامەی دەفتەریی سیاسیی حیزبی دێموکرات لە درێژەدا رایگەیاند: ئەگەرچی ئەمڕۆ خەباتی چەکداری لە کوردستانی ئێران راگیراوە، بەڵام خەڵکی کوردستان بەردەوام دەبنە قوربانی بەڵای مین. ٢٦ ساڵ دوای شەڕی ئێران و عێڕاق، رێژیمی ئیسلامیی ئێران ئێستاش بۆ لە ناوبردنی مین لە ناوچە کوردییەکان هەنگاوی هەڵنەگرتووە. لەمانگی رەشەمە هەتا رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی (مارس هەتا ئوکتوبری ٢٠١٤ی زایینی) ٣٥ کەس بوونەتە قوربانیی تەقینەوەی مین کە شەش کەسیان گیانیان لە دەست داوە.

دوکتور مێرۆ عەلیار بە جەخت کردن لەسەر ئەوەی کە ژنێڤاکاڵ لەو باوەڕەدایە، پێویستە پرسی مافی مرۆڤ لە پرسە سیاسییەکان جیا بکرێتەوه ئاماژەی بەوەدا کە ئەوە ئەگەر نەڵێین جێبەجێ ناکرێت، بەڵام دەبێ قەبووڵ بکەین کە یەکجار دژوارە. چوونکە لە وڵاتانی دیکتاتۆری وەک ئەمڕۆی ئێران، بەبێ زێدەڕۆیانە، لە سەدا ٧٠ی پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ و هەڵاواردن باری سیاسییان هەیە و بە هۆ و بیانووی سیاسییەوە ئەنجام دەدرێن.

دوانیوەڕۆ پانێلی دووهەم لە ژێر ناوی جێبەجێ‌کردنی ڕێکەوتننامەی قەدەغەکردنی مینی دژەنەفەر دەسکەوتەکان و کێشەکانی، بەڕێوە چوو.

ئامانجەکانی ئەم پانێلە بریتی بوو لە:

ـ پێداچوونەوەی بەو هەنگاوانە کە واژۆکەران بۆ جێبەجێکردنی بەڵێننامەی قەدەغەکردنی مینی دژەنەفەر ئەنجامیان داوە.

ـ تاوتوێکردنی ئەو کێشانە کە لە پرۆسەی جێبەجێکردندا، هاتووەتە ئاراوە و ئەو هەنگاوانە کە بۆ چارەسەرکردنی هەڵگیراون.

ـ تاوتوێکردنی پێداویستیەکان و ئەو کێشانە کە هێشتا چارەسەر نەکراون.

وتاری یەکەم لەلایەن تەمەر گابێلنیک ئەندامی کەمپەینی نێودەوڵەتی بۆ لە نێوبردنی مینە چێنراوەکان پێشکەش کرا. پاشان کاترین کرامەر لەسەر دەسکەوتە سەرەکیەکان و کێشە سەرەکیەکان و رۆڵی ژنێڤاکاڵ لەو پەیوەندییەدا قسەی کرد.

لە بەشێکی دیکەی پانێلی دووهەم، راپۆرتی ئەو لایەنانە کە هەتا ئێستا رێکەوتننامەی مینی دژە نەفەریان لە ژنێڤاکاڵیان واژۆ نەکردبووو، پێشکەش کرا.

دوای ئەم دوو پانێلە، دوو فۆرومی جیاواز لەسەر چۆنیەتیی چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەندیدار بە لە نێوبردنی مین و گۆڕانکاریی نوێ لە یاساکانی تایبەت بە تەقەمەنیەکان، بەڕێوەچوو.

لە رۆژی سێهەم‌دا کۆبوونەوەکە بە پانێلێک لەژێر ناوی جێبەجێ‌کردنی بەڵێننامەی پاراستنی منداڵان لە کاتی شەڕدا پێک هات.

ئامانجەکانی ئەم پانێلە بریتی بوون لە:


ـ پێداچوونەوە بەو هەنگاوانە کە واژۆکەران بۆ جێبەجێکردنی بەڵێننامەی پاراستنی منداڵان لە کاتی شەڕدا، هەڵیانگرتووە.

ـ تاوتوێکردنی ئەو کێشانە کە لە پرۆسەی جێبەجێکردنی ئەو ئەرکەدا بەرەوڕووی واژۆکەران بوونەتەوە و ئەو هەنگاوانە کە بۆ چارەسەرکردنیان بەرەوپێش نراون.

ـ تاوتوێکردنی پێداویستیەکان و ئەو کێشانە کە هەتا ئێستا چارەسەر نەکراون.

لەو پەیوەندییەدا هەروەها ئیبراهیم سێسای ئەندامی رێکخراوی یونیسێف لەسەر مافی منداڵان قسەی کرد.

پاشان، وتاری کریس راش ئەندامی ژنێفاکاڵ لە سەر پابەندبوونی واژۆکەران بە رێکەوتننامەکانی ژنێڤاکاڵ پێشکەش کرا.

لەم بەشەدا لوقمان ئەحمەدی ئەندامی کومیتەی ناوەندی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، وتارێکی لەسەر هەنگاوەکانی حیزبی دێموکرات بۆ پاراستنی مافی منداڵان پێشکەش کرد.

ئەحمەدی لە وتارەکەیدا وتی: بە هەموو کەم و کووڕیەکانمانەوە، وەکوو نەبوونی ئیمکاناتی پێویست و کەسانی پسپۆڕی ئەم بوارانە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو شوێنانەی لەژێر کۆنترۆڵی دایە، هەموو هەوڵێکی داوە کە منداڵانی کورد لە توندوتیژی بپارێزێ، نەک تەنیا لە حاڵەتی شەڕدا، بەڵکوو لە هەموو بوارەکانی ژیانی منداڵاندا ئەوەی رچاو کردووە.

لوقمان ئەحمەدی درێژەی دا: بەڵام ئێمە لەگەڵ دوژمنێک بەرەوڕووین کە لە هەردوو کاتی شەڕ و ئاساییدا، ژن و منداڵ و خەڵکی مەدەنی کورد و ئەندامانی حیزبی ئێمەی کردووەتە ئامانجی توندووتیژی. ئێمە خۆمان بە پڕەنسیپی پاراستنی منداڵ و خەڵکی مەدەنی، بە ئەرکدار دەزانین.

ڕۆژی سێهەم بە بەڕێوەبردنی دوو فۆرومی جیاواز لە ژێر ناوی پاراستنی ناوەندەکانی پەروەردە لە هێرشی چەکداری و پاراستنی ئەو منداڵانە کە لە ژێر کاریگەریی شەڕی چەکداری دان کۆتایی پێهات.

ڕۆژی چوارەم تەرخان کرابوو بۆ باس لە سەر گەڵاڵەی بڕیارنامەی کۆتایی کۆبوونەوەکە و هەر لەوێشدا بڕیارنامەیەک پەسند کرا کە بە زووترین کات بڵاو دەبێتەوە.

ژمارەیەکی بەرچاو لە حیزب و رێکخراوەکانی کوردستانی رۆژهەڵات، باکوور و ڕۆژئاوا بۆ ئەو کۆبوونەوە بانگهێشت کرابوون و هەڵسووڕاوانە لە باسەکاندا بەشدارییان کرد.