کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوید/ کۆبوونەوەی حیزب و لایەنە سیاسی و کولتورییەکانی کوردستان

15:17 - 4 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: کۆبوونەوەی حیزب و لایەنە سیاسی و کولتورییەکانی کوردستان لە وڵاتی سوید بۆ ڕاپەڕاندنی کار و چالاکی و جێبەجێکردنی ئەرکی گشتیی نەتەوەیی و نیشتمانیی گەلی کورد، بەڕێوە چوو.

بەپێی راپۆڕتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، کۆبونەوەیەک بە مەبەستی چالاک کردنی کۆمیتەی هاوبەش کە چەند ساڵ پێش بۆ راپەڕاندنی کار و چالاکی و جێبەجێکردنی ئەرکی گشتیی نەتەوەیی و نیشتمانیی گەلی کورد دیاری کرابوو، پێکهات.

ئەو کۆبوونەوەیە بە بەشداریی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییە کوردستان، فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان، ئەنجومەنی نیشتیمانیی کورد لە سوریە، پەیەدە و ئەنجومەنی کوردانی رۆژاوا لە بارەگای فێدراسیۆن لە شاری ستۆکهۆڵمی پێتەختی وڵاتی سوید، بەڕێوەچوو.

سەرەتای کۆبونەوەکە بە راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لەگیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان و بەخێرهاتنی بەشداربوان لەلایەن خاتوو سۆسەن بەرپرسی فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان، دەستی پێکرد.

نوێنەری حیزب و لایەنەکانی بەشدار، لەو پەیوەندییەدا را و بۆچوونی خۆیان خستە بەرباس و دوای باس و راگۆڕینەوە، لە سەر یەکدەنگی و یەکڕیزیی کورد، بەتایبەت لەم هەلومەرجەی ئێستادا، جەختیان کردەوە و بڕیار درا کە دواتر ئەرکە نیشتمانی و گشتییەکان پێکەوە ئەنجام بدرێن.
لە ئاکامی ئەو کۆبوونەوەیەدا کۆمەڵێک خاڵی هاوبەش پەسەند کرا و بڕیاریان لە سەر درا کە لە داهاتوودا کومیتە جێبەجێیان بکات و لە بەرانبەر هەر ئەرکێکی نەتەوەییدا ئامادە بێت.

کومیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کوردستان، نوێنەرایەتی زۆرینەی هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان دەکات، لەو کۆمیتە هاوکاریەدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشدارە و بەرپرسایەتی ئەو ئۆرگانەی لە ئەستۆ دایە.