کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستبەسەر کران و بانگهێشتی هاووڵاتییانی کورد لە مەهاباد درێژەی هەیە

18:35 - 4 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییانی کوردی مەهاباد کە ناڕەزایەتییان سەبارەت بە راپرسیی ناوەندی دەنگ و رەنگی مەهاباد دەربڕیبوو، هاووڵاتییەکی دیکەیش دەستبەسەر و بۆ ئیدارەی ئیتلاعات راگوێزرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوابەدوای راگەیاندنی مانگرتنی گشتی لەلایەن هاووڵاتییانی کوردی خەڵكی مەهاباد لە پاش راپرسیی ناوەندی دەنگ و رەنگی ئەو شارە، شەپۆلی دەستبەسەر کردن و بانگهێشتی هاووڵاتییان لەلایەن ناوەندەکانی سەربە رێژیمی ئسلامیی ئێران دەستی پێکرد.

11488.jpg
سۆران یاهوو

راپۆرتە گەیشتووەکان، باس لە زاڵبوونی کەشێکی ئەمنییەتیی لەسەر شاری مەهاباد و دەستبەسەر کران و هەروەها بانگهێشتی دەیان هاووڵاتی و هەڵسووڕاوانی مەدەنیی کورد دەکەن.

هەواڵدەری کوردپا لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە، لە درێژەی ئەم بانگهێشت و دەستبەسەر کرانە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئیسلامی و حیفازەتی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٣ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، سۆران یاهوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەهاباد دەستبەسەر و بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکانی رێژیم لە شاری ئورمیە رەوانە کراوە.

ئەم سەرچاوەیە رۆژی رابردوو لە راپۆرتێکدا لەسەر دەستبەسەر کران و بانگهێشتی ١٠٠ کەسی دیکە لە لاوانی شاری مەهاباد هەواڵی بڵاوکردەوە.

خەبات مەنگوڕی تەمەن ٣٠ ساڵ و کوڕی سلێمان و کامیار نازمی، شوناسی دوو هاووڵاتیی دیکەی دەستبەسەر کراوی شاری مەهاباد راگەیەندراوە.

هەندێک لە دەستبەسەرکراوەکانی چەند رۆژی رابردووی مەهاباد، بەشێک لەو هاووڵاتییانەن کە دوای بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانی پاڵپشتی لە کۆبانی دەستبەسەر کرابوون.

هەنووکە لە چارەنووسی دەستبەسەرکراوەکان، زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.