کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان/ خەڵاتی ساڵانەی جگەرخوێن بە دوو کەسایەتیی هەڵکەوتووی رۆژئاوای کوردستان پێشکەش کرا

19:21 - 4 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە وڵاتی ئاڵمان، خەڵاتی ساڵانەی جگەرخوێن بە دوو کەسایەتیی رۆژئاوای کوردستان بەخشرا.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی لە شاری هانۆڤەری ئاڵمان، رێوڕەسمێکی تایبەت بۆ رێزلێنان لە شاعیری ناوداری کورد جگەرخوێن بەڕێوە چوو .

لەو رێوڕەسمەدا کە لەلایەن کومیتەی پارتی پێشڕەوی کوردستانی سووریە بەڕێوە چوو، نوێنەرانی پارت و رێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان و کۆمەڵێک کەسایەتیی ئەدەبی، نووسەر و شاعیر بەشدارییان کرد.

شاندێکی کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی شەهریار نەقشبەندی، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە ئاڵمان بەشداری رێوڕەسمەکە بوو.

هەر بەو بۆنەوە نەقشبەندی وتارێکی پیشکەش بە ئامادەبوان کرد و ناوبراو لە قسەکانیدا باسی لە رۆڵ و کەسایەتیی شاعیری نەمر جگەرخوێن لە بزووتنەوەی رزگاری خوازی کورد کرد و هەوڵ و تێکۆشانەکانی ئەو کەسایەتییە هەڵکەوتووەی بەرز نرخاند و لە هەمان کاتدا رێزی لە هەموو ئەو نووسەر و شاعیرانە گرت کە لە پێناو خزمەت بە زمان و ئەدەبی کورد و بزووتنەوە رەواکەی، خەبات و تێکۆشانیان کردووە.

نەقشبەندی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پڕژایە سەر پرسی یەکیەتی و یەکگرتوویی کورد و بەتایبەت یەکگرتوویی حیزبەکانی رۆژئاوای کوردستان.
ناوبراو لەو پەیوەندییەدا هیوای خواست ئەو یەکیەتی و برایەتییەی ئێستا پێکهاتووە، زیاتر پەرەی پێ بدرێت و هەموو لایەنەکان رێزی بگرن.

لە نێوئاخنی رێوڕەسمەکەدا کۆمەڵێک هۆنراوە و بەرهەمی جگەرخوێنی شاعیر پێشکاش کرا.

پاشان خەڵاتی ساڵانەی جگەرخوێن بە دوو کەسایەتیی تێکۆشەر و هەڵکەوتووی رۆژئاوای کوردستان مامۆستا کەریم پاشا و خاتوو سێناڤ نەوەی بەدرخان پێشکەش کرا.

خەڵاتی جگەرخوێن هەموو ساڵێک بە چالاکانی مەدەنی و سیاسی کورد دەبەخشرێ.