کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنگرەی ئامریکا لە ژێر دەسەڵاتی کۆماریخوازەکان و داسەپاندنی قورسترین گەمارۆکان بە دژی رێژیمی ئێران

19:41 - 4 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: بە بەدەستەوە گرتنی کۆنگرەی ئامریکا لەلایەن کۆماریخوازەکان و بەسەرنجدان بەوەی کە رێکەوتنێکی ناوکی لە کاتی دیاریکراودا لە نێوان وڵاتە زڵهێزەکان و رێژیمی ئێران نەکراوە، گەمارۆی نوێی ئابووری بە دژی رێژیمی ئێران بەڕێوەیە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بە سەرکەوتن لە دوایین هەڵبژاردنەکانی کۆنگرەی ئامریکا لە رێکەوتی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، کۆماریخوازەکان زۆرینەی کۆنگرەی ئامریکا بەدەستەوە دەگرن.

کاناڵی تەلەفیزیۆنی  CNNدوای بێ‌ئاکام مانەوەی دانوستانە ناوکییەکان، لە زاری کۆماریخوزاەکانی ئامریکا و لە ناوەڕۆکی راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە گەمارۆی قورستر بە دژی رێژیمی ئێران پەسند دەکەن.

هەر لەم پێوەندییەدا، سیناتور جان مەکێن، سیناتور لیندزی گراهام و سیناتور کلی ئایوت لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاندووە کە لە ئەگەری درێژکردنەوەی دانوستانە ناوکییەکان لەگەل رێژیمی ئێران گەمارۆی ئابووریی توندتر بە دژی رێژیمی ئێران پەسند دەکەن.

ئەم سێ سیناتورە ئامریکاییە لە بەیاننامەکەدا بە جەخت کردنەوە لەسەر ئاڵۆزی و ناڕوونیی بەرنامەی ناوکی رێژیمی ئێران رایانگەیاندووە کە رێکەوتنی خراپ، کێبڕکێ چەکداری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەداوە دەبێت.

بەرەوپێش‌نەچوون لە دانوستانەکان، هێڵی سووری دیاری کراو لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە بۆ گرووپی دانوستانکار، چەم هەڵنەگری رێژیم، روون نەکردنەوەی بەرنامەی ناوکی و لایەنە نیزامییەکان و هەروەها وڵام نەدانەوەی پرسیارەکانی ئاژانسی نیودەوڵەتی وەزی ناوکی بوو بە هۆی درێژ کردنەوەی ٧ مانگەی دانستانە ناوکییەکان و ئەم دانوستانانە خرایە رێکەوتی ١٠ی پوشپەڕی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی.